ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند کە ڕژێمی تێرۆریستی ئێران دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ لە کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییان لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار، شەپۆلێکی بەرفراوانی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دەست پێکردووە.
بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لەو خۆپیشاندانانەدا لانی کەم ٣٥٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی ٤٠ هەزار کەس دەستبەسەر کراون. تا ئێستا سزای سێدارە بۆ ٣٠ دەستبەسەرکراو سەپاوە کە ١٣ کەسیان بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەکانی قوم، کەرەج، مەشهەد و ئیسفەهان جێبەجێ کراوە.
لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە سێدارە دراون، ساڵح محەممەدی، مەهدی قاسمی و سەعید داوودی لە بەندیخانەی قوم لە ١٩ی مارسی ٢٠٢٦، هەروەها ئەمیر حوسێن حاتەمی، محەممەدئەمین بێگلەری، شاهین واحدپەرەست و عەلی فەهیم لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لە ٤ و ٥ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە سێدارە دراون.
هەنگاو دەڵێت کە پچڕانی ئینتەرنێت لەلایەن ڕژێمی تێرۆریستی ئێرانەوە ڕەوتی زانیاری و بەڵگەمەندکردنی ڕووداوەکانی بەربەست کردووە، بە جۆرێک کە ناسنامەی هەندێک لە دەستبەسەرکراوان تەنیا دوای لەسێدارەدانیان ئاشکرا بووە.
ڕێکخراوەکە نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت کە ئەم سزایانە بە خێرایی و بەبێ ڕێکارە یاساییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە جێبەجێ کراون و دەیان بەندکراوی دیکەش لەژێر مەترسیی سێدارەدان.