ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦، ڕژێمی تێرۆریستی ئێران سزای سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادەی بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٧ ساڵی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه بە شێوەیەکی نهێنی جێبەجێ کرد.
مێحراب عەبدوڵڵازادە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی بەغی و ئەفساد فی ئەلئەرز لە دۆسیەی کوژرانی هێزێکی حکوومەتی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ناوبراو لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش بووە و دانپێدانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون.
ڕۆژی سێشەممە ٨ی بانەمەڕ، مێحراب عەبدوڵڵازادە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سووکایەتی سەربازێک بە بنەماڵەی بەندکراوە سیاسییەکان، بە فەرمانی سەرۆکی بەندیخانە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابووەوە.
دەزگای دادوەریی ڕژێمی تێرۆریستی ئێران پشتڕاستی جێبەجێکردنی سزاکەی کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناوبراو لە کوشتنی هێزێکی حکوومەتیدا دەستی هەبووە، بەڵام مێحراب عەبدوڵڵازادە تەواوی تۆمەتەکانی ڕەت کردبووەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەم جێبەجێکردنەی بە نموونەی کوشتنی حکوومەتی و تۆڵەسەندنەوەی سیاسی لە خۆپیشاندەران زانیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێکارە یاساییەکانی تانەدان ڕەچاو نەکراون.