بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرانسە، هەڵسەنگاندنی زانیارییەکانی ئیسرائیل دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران ئێستاش ٤٥٠ کیلۆ ئورانیۆم و زانستی تەکنیکیی پێویستی بۆ دەسپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان لە بەردەستدایە.

لۆمۆند لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە ڕەوتی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیم لە فۆردۆ و نەتەنز لەلایەن ئەمریکاوە کردووە و لەو بارەوە نووسیویەتی: "کارناسانی ئیسرائیلی لەسەر ئەو بڕوایەن کە سەرەڕای لەنێوچوونی ئەو دامەزراوانە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پیتاندنی ئورانیۆمی پێویست هەتا ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەردەوامە". 

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەڵسەنگاندن و زانیارییانە دەرخەری ئەوەن کە ئیسرائیل تا چ ڕادەیەک دەسپێڕاگەیشتنی بە زانیارییە زۆر نهێنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەستیارترین شوێنەکاندا هەیە.

هەروەها ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لەسەر دووبارە دەسپێکردنەوەی هەوڵە ناوکییەکانی خۆی سوور بێت، تەلئەبیب فڕۆکە شەڕکەر و هێزە کۆماندۆکانی خۆی لە دژی دەسەڵاتی تاران دەجووڵێنێت.