‎بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق لە بەغدا کۆبوونەوە.

‎‏‎لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکان کرایەوە لەپێناو سەرخستنی بەرنامەی حکومەت کە خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاسا و بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداریدا دەبینێتەوە.

‎‏‎ بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵە نیشتمانییانە کردەوە کە لە بەرنامەی حکومەتدا جێگیرکراون و رایگەیاند، دەبێت رێز لەو رێککەوتنە سیاسییانەی نێوان کورد و لایەنە سیاسییە عیراقییەکان بگیرێت. دەستوور بکرێتە بنەمای چارەسەرکردنی ریشەییانەی کێشەکان و هاوبەشیی راستەقینە پەیڕەوبکرێت، ئەمەش فاکتەرێکی گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتییە لە وڵاتدا.

‎‏لەبارەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا سەرۆک بافڵ وتی، ئەرکی حکومەتی نوێیە بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە خزمەتی هەمووان بکات، ناکۆکییە سیاسییەکان تێکەڵی حوکمڕانی و مافەکانی هاوڵاتییان نەکرێت. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانتان دەبێت.

‎پرسی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنوورەکان تەوەرێکی تری گفتۆگۆکان بوو لەو بارەیەوە بڕیاری پێویست دران.