نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا  ڕایگه‌یاندووه‌   کە مەسرور بارزانی لە داڤۆس لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەتەوە.

 لە کۆبوونەوەکەدا  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە توندی ھێرشەکەی سەر ھەولێری سەرکۆنە کردووە و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بۆسەر سەروەریی عێراق ده‌زانێ،  ھاوخەمی وڵاتەکەی ئاراستەی قوربانیانی ھێرشەکە کردووە.

 ئەنتۆنی بلینکن لەکۆبوونەوەکەدا  دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدەن، ئەم ھێرشانە بۆسەر ھەرێم بە ھەڕەشەی جیددی وەردەگرن و ھەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ھەرێم دەدەن.

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ھێرشانە بێ پاساو و ناڕەوان و نابێت چیتر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەم پەلامارانە بێ دەنگ بێت.

 لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدڕالی و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێم.