کۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای
سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، داوا لەسەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و میدیاکاران دەکات، دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی زمانی زبرو نەبنە هۆی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان.
دەقی پەیامەکە:
بەڕێزان: سەرنووسەرو سکرتاریەتی نووسین و ستافی رۆژنامەی کوردستانی نوێ
ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، یەکەم رۆژنامەی رۆژانەی کوردی لە ئێوەو سەرجەم کارمەندان و ستافی نووسین ورۆژنامەنووسان و خوێنەرانی رۆژنامەکەتان پیرۆز دەکەم و ئومێد دەکەم سەرکەوتوو بن.
بەدرێژایی مێژوو، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بایەخێکی تایبەتی بە راگەیاندن داوەو هەمیشە بڕوای وابووەزەمینەی ئازادی رادەربڕین فراوانتر بکرێت و لەرێگای راگەیاندنەوە خزمەتی کۆمەڵگا بکرێت، هەر بەو ئامانجەش لەدوای راپەڕینی ساڵی١٩٩١ لە هەولێری پایتەخت، بەهاوکاری نووسەران و رۆشنبیران توانیمان رۆژنامەی کوردستانی نوێ دابمەزرێنین، لەوساوە بۆ ئەمڕۆکاروانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەردەوامە و وەک رۆژنامەیەکی سەنگینی زمانحاڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژانە بەخوێنەرانیئاشنا دەبێت، ئومێد دەکەم هەمیشە پیشەییانە بەردەوام بن لە کارەکانتان.
یادی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بە دەرفەت دەزانم، داوا لە سەرجەم دەزگا راگەیاندنەکان و میدیاکاران بکەم دووربکەونەوە لەبەکارهێنانی زمانی زبرو نەبنە هۆی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان، لەپێناو یەکڕیزی ناوماڵی کورد و گەیشتن بە ئامانجە بەدینەهاتووەکانیمیللەتەکەمان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەرێگای گفتوگۆو بە ئامانجی خزمەتکردنی گەلەکەمان، پیشەییانە کاربکەن.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان