ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی (رووداو 24)
ڕووداو٢٤،ڕابردوو،ئێستا،داهاتوو
         

فرەچەشنی کولتووری یان دوورخستنەوە لە سیاسیبوون؟

فرەچەشنی کولتووری یان دوورخستنەوە لە سیاسیبوون؟
سەعید سەنندجی

لە گوتاری فەرمی کۆماری ئیسلامیدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرجار نەک وەک پرسێکی سیاسی، بەڵکو وەک «فرەچەشنی کولتووری» دەبێنرێت؛ خەلکێک کە مۆسیقا، جلوبەرگ، ڕێوڕەسم هەیە و دەتوانرێت لە چوارچێوەی یەکێتی نیشتمانی ئێران پێناسە بکرێت. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی هۆشیارانە ڕێگەی بە هەندێک چالاکی کولتووری سنووردار وەک فێستیڤاڵ،  فۆلکلۆر، میوزیک و پۆشاکی نەتەوەیی، یان بڵاوکردنەوەی بەرنامە کولتوورییەکان لە میدیای فەرمی  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە. ئەم سیاسەتە زۆرجار لە ڕێگەی میدیای حکوومی پێشکەش کراوە، بە شێوەیەک کە کورد وەک «گروپێکی کولتووری جیاواز» پیشان بدرێت. ئەم سیاسەتە لە سەرەتادا ئەرێنی و تەنانەت وەک کرانەوەیەک دەردەکەوێت، بەڵام ڕێک ئەم ئەرێنییەیە کە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی وردتر هەیە. کێشەی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوونی هێمای کولتووری وەک فێستیڤاڵ و فۆلکلۆر نییە، بەڵکو بەربەستی بنەمایی مافەکانیە وە دوورخستنەوەیە لە گۆڕەپانی سیاسیدا. 

ئەوەی حکومەت ناوی دەنێت «فرەچەشنی کولتووری»، لە پراکتیکدا جۆرێکە لە فۆلکلۆرکردنی شوناسی نەتەوەیی کورد؛ واتە گۆڕینی بابەتێکی سیاسی بە داواکارییە مێژووییەکەیەوە بۆ ئۆبژەیەکی کولتووری سنوورداری ڕێگەپێدراوی شانۆیی، فۆلکلۆری و فێستیڤاڵی کەم‌مەترسی. ئەم سیاسەتە کراوەیەکی بێ پلان نییە، بەڵکو تەکنیکێکی هۆشیارانەی دەسەڵاتە کە هەوڵ دەدات شوناسی کۆنترۆڵکراوی کورد وەک شوناسی ڕاستەقینە پیشان بدرێت، لە هەمان کاتدا داواکارییە بنەمایەکانی ناشەرعی پیشان بدات.

هەر بۆیە بەشێک لە مۆسیقا، جل‌وبەرگ و ڕێوڕەسمەکان بە زمانی کوردی ڕێگەپێدراون، بەڵام زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردەی فەرمی و بەرهەمهێنانی مەعریفە ڕێگەپێدراو نیە. مێژووی کورد دەگێڕدرێتەوە، بەڵام خاڵی دەکات لە بەرخۆدان و خەباتەکەی. شوناسی کولتووری ڕێگەپێدراو نوێنەرایەتی دەکات، بەڵام نەک وەک چالاکییەکی سیاسی بە مافی بەشداری کردن و بڕیاردان. لە ئەنجامدا، نەتەوەی کورد «ئامادەیە و هەیە»، بەڵام بێدەسەڵاتە؛ دەبینرێت، بەڵام خۆی نیە و تەنها بەشە ڕێگەپێدراوەکەیە.

کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا پەنای بۆ ئەم سیاسەتە بردووە کە ڕووبەڕووی قەیرانی قووڵ و وەرچەرخان بووەتەوە؛ ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە کە بە پێی ئامارە فەرمییەکان لە سەدا ٤٠ی تێپەڕاندووە، دابەزینی بەردەوامی توانای کڕین، بڵاوبوونەوەی هەژاری ڕەها و ڕێژەیی، و زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان لە کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا؛ لە بازاڕ و سەندیکاکانەوە بۆ کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان. لە هەمان کاتدا، فشارە دەرەکییەکان، چەقبەستوویی دیپلۆماسی و تێچووی کەڵەکەبووی سیاسەتی ناوچەیی، هاوکات بەردەوامبوونی بێ‌وەچانی خەباتی چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانای حکومەتی بۆ سەرکوتکردنی بەردەوام و پڕهەزینە، سنووردارتر کردووە.

دەسەڵات باش ئەزانێت کە بە تایبەت لە کوردستان کولتوور مەیدانێکە بۆ دەرهێنانی توڕەیی و بۆ ئەوەی سیاسەت لەخۆ بگرێت؛ واتە خۆی بە ڕێکخستن بکات، داواکاری و تەحەدای دەسەڵات بکات. لەم هەلومەرجەدا، پاشەکشەی هۆشیارانە لە بواری کولتووری سنوورداردا نیشانەی گۆڕانی ڕوانگەی دەسەڵات نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کۆنترۆڵی ناڕەزایەتی خەلکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. حکومەت گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانێت لە یەک کاتدا لە هەموو بەرەکاندا شەڕ بکات. کاتێک هەڵاوسان و هەژاری کۆمەڵگا لە دۆخێکی ماندوێتی هەمیشەییدایە و ناڕەزایەکان توانای ئەوەیان هەیە کە ببەسترێنەوە بە داواکارییە سیاسییەکانەوە، پاشەکشەی کولتووری کۆنترۆڵکراو وەک پاشەکشەیەکی مەبەستدار دەتوانێت بە باشی بکار بهێنریت.

شیکارییەکانی میشێل فۆکۆ بۆ دەسەڵات نیشان دەدات کە دەسەڵات مەرج نییە لە ڕێگەی سەرکوتکردنی فیزیکی کار بکات؛ بەڵکو لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی مانابەخش، ئاساییکردنەوە و بەدامەزراوەییکردنی نۆرمە کۆنترۆڵکراوەکان کاراتر دەبێت. ناسیاسی کردنی کۆمەڵگا کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە وەک شتێکی سروشتی دەردەکەوێت؛ کاتێک کۆمەڵگا فێر دەبێت کولتوور بە مافی بەدەستهێندراوکان بزانێت، و سیاسەت بە مەترسی. 

لە چەمکی هێژمۆنیی ئەنتۆنیۆ گرامشی باڵادەستی بەردەوام تەنها بە هێز ناپارێزرێت، بەڵکو لە ڕێگەی ڕەزامەندی، خووگرتن و ناوەکی‌کردنەوە جێگیر دەبێت. کاتێک فشاری ئابووری، بێکاری و نائەمنی بژێوی کۆمەڵگا ماندوو دەکات و لە هەمان کاتدا کولتوور وەک جێگرەوەیەک بۆ سیاسەت پێشکەش دەکرێت، ووزەی کۆمەڵایەتی لە بری ڕێکخستن و ڕووبەڕووبوونەوەی پێکهاتەی دەسەڵات، لە بوارە کولتوورییە سنووردارکراوەکاندا خەرج دەکرێت.ئەم لۆژیکە لە میدیا و فێستیڤاڵە ڕێگەپێدراوەکاندا بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبینرێت کە زمانی کوردی لە پەراوێزەوە دەبینرێت، بەڵام مافی خوێندنی فەرمی بە زمانی دایکی سنووردار ماوەتەوە؛ میدیا تیشک دەخاتە سەر جیاوازی کولتوورییەکان، بەڵام داواکارییە سیاسییەکان ئەمنی نیشان دەدات؛ فێستیڤاڵەکان بەڕێوەدەچن، بەڵام هەرکە بەبستریتەوە بە ناڕەزایەتی یان داواکارییەوە، سنووردار دەکرێت یان دادەخرێت. ئەمە واتە کولتووری ڕێگەپێدراوی سنووردار کە دەبێت بە ئامرازێک بۆ دەسەڵات بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و کۆنترۆڵی کۆمەڵگا.

لە ڕوانگەی ئەم سیاسەتەوە، ئەم دۆخەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیدارە. وەک چارڵز تایلۆر ڕوونی دەکاتەوە، دانپێدانان بە مافی نەتەوەیی تەنها کاتێک واتادارە کە یەکسانی و کەرامەتی یاسایی گەرەنتیکراو لەگەڵدا بێت. دانپێدانان بەبێ مافی ڕاستەقینەی دەستوری و کرداری نەک هەر تەواو نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بەرگێک بۆ بەردەوامبوونی نایەکسانی. ڕێگەدان بە دەربڕینی کولتووری ڕێگەپێدراو بەبێ پێناسەکردنی مافە بنەڕەتییەکان لەوانە زمانی دایکی، ڕێکخستنی سەربەخۆ، بەشداری سیاسی و پێناسەی نەتەوەیی وە .....مسۆگەر نابێت.

بە کورتی، ئەوەی ئەمڕۆ دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیەوێت ئەنجامی بدات، فۆلکلۆر جێگەی سیاسەت، هێما جێگەی حەقیقەت و نوێنەرایەتی فێک جێگەی بەشداریکردن بگرێت. لە راستیدا مەترسی سەرەکی ئەوە نییە کە کولتوور نەبینرێت، بەڵکو ئەوەیە کە کولتووری سنووردارِ ڕێگەپێدراو ببێت بە ئامرازێک بۆ ئەوەی فکری سیاسی نەمێنێت.

وەڵامی ئەم دۆخە نکۆڵیکردن لە گرنگی بوونی کولتوور نییە، بەڵکو بەستنەوەی کولتووری ڕاستەقینە بە سیاسەت: گەڕاندنەوەی زمان و شانۆ و فۆلکلۆر بۆ پەروەردە، مێژوو بۆ حەقیقەت و ڕاستی، و شوناسە بۆ کردەی سیاسی. کولتووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان نە ڕازاندنەوەیەکە بۆ یەکێتی ناوەندی نیشتمانی ئێران، و نە پەراوێزێکە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ناوەند و کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵگای ڕۆژهڵاتی کوردستان؛ بەڵکو کولتووری خەڵکێکی سیاسییە کە سەدان ساڵە خەبات بۆ مافە بنەڕەتییەکانی دەکن. هەر گۆتارێک یان سیاسەتێک کە مافە بنەڕەتییەکان بچووک بکاتەوە بۆ مافی کولتووری سنوورداری ڕێگەپێدراو، لە ڕاستیدا لە ژێر پەردەی پاشەکشەی دەسەڵات، دوورخستنەوەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سیاسەت جێبەجێ دەکات.

3 کاتژمێر و 44 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

فرەچەشنی کولتووری یان دوورخستنەوە لە سیاسیبوون؟

فرەچەشنی کولتووری یان دوورخستنەوە لە سیاسیبوون؟

ڕووداو 24


 ڕووداو ٢٤ له له‌لایه‌ن ئاوات ئیبرایمی پێشنیاری دامه‌زراندنی کراو و دواتر به کردار دروستکرا و ده‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌ری بۆ دروستکراوه، که خۆبه‌خشه‌کان له چه‌ندین شوێنی جیهان کار ده‌که‌ن. ڕووداو له شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دروستکرا، بۆ ئه‌وه‌ی جینۆسایدی ڕژێمی ئێران دژ به کورد به دنیا بناسێنێ.

 

 

په‌یوه‌ندی


ده‌‌‌سته‌‌‌ی به‌‌‌ڕێوبه‌‌‌ری ڕووداو ٢٤
[email protected]

ڕێکلام
[email protected]

ناورد و بڵاوکردنه‌‌‌وه‌‌‌ی هه‌‌‌وڵ

[email protected]

به‌‌‌شی په‌‌‌یوه‌‌‌ندیه‌‌‌کان

[email protected]

0046708435423

ئه‌په‌کانی ڕووداو 24


ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌ینی ئەندرۆید ، (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی ئایفۆن،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی ویندۆز،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی لینوکس،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)