ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتیی شاری بۆكان کە ماوەی ١٠ ڕۆژە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییە سەرکوتكەرەكانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم تووشی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بەردەوام بووەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران، ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری بۆكان، جگە لە دەست نەگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکان لەوانە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، پەیوەندیی تەلەفۆنی و هەبوونی پارێزەر، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بووەتەوە.
ئیبراهیم مەردانی ئێوارەی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە سەركوتكەرەكانی ئیتلاعاتەوە لە شاری بۆكان دەستبەسەر كرا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ناوبراو پێشتریش بەهۆی ئامادەبوونی میوانەکان بە جلوبەرگی کوردیی ڕەنگی خاکی لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی کوڕەکەیدا دەستبەسەر كرابوو.