کۆبوونەوەی شاندی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی سووریا لە دیمەشق کۆتایی هات

​هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی شاندە باڵاکەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی سووریا لە دیمەشق کۆتایی هاتووە و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش پرسی یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان بووە.

​ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوەش داوە کە وردەکاری و ئەنجامی کۆبوونەوەکان لە داهاتوودا بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.

​ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی 1ی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەی شاندێکی سەرکردایەتیی هێزەکانیان (کە مەزڵووم عەبدی سەرۆکایەتیی کردووە) لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی دیمەشق کۆتایی هاتووە.

​بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گفتوگۆ بەردەوامەکاندا بووە سەبارەت بە "پرۆسەی یەکگرتنی سەربازی" لە نێوان هەردوو لادا.