هێزە ئەمنییەکان ڕۆژنامەنووس (وریا عەبدولخالق)یان دەستگیر کرد

تەنها لەبەر ئەوەی ڕاپۆرتێکی لەسەر هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو بڵاو کردووەتەوە و باسی لە کەمتەرخەمیی پڕۆژەکان کردووە

هەروەها بڕیارە هەر ئەمڕۆ چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان لە دژی دەستگیرکردنی وریا عەبدولخالق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ببەستن.

هەروەها بڕیار وایە، ئەمڕۆ ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆژنامەنوس دژی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق کاتژمێر 4ی ئێوارە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەبەردەم قایمقامێتی چەمچەماڵ ئەنجام بدەن.

​ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی 12ی 2025، هێزە ئەمنییەکانی قەزای چەمچەماڵ، ڕۆژنامەنووس (وریا عەبدولخالق)یان دەستگیر کرد، 

ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو بابەتێکی لەسەر هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بڵاو کردبووەوە.

​بەگوێرەی زانیارییەکان، دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە لەسەر سکاڵای وەبەرهێنەر و سەرمایەدارێکی ناسراوی شاری سلێمانی بووە؛ هۆکاری سکاڵاکەش ئەوەیە کە وریا عەبدولخالق لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، 

بەشێک لە هۆکارەکانی لافاوەکەی ئەم دواییەی چەمچەماڵ، پەیوەندیی بە پڕۆژەکانی ئەو وەبەرهێنەرەوە هەیە.

​تا ئێستا لایەنە ئەمنییەکان و لایەنی سکاڵاکار بە فەرمی ڕوونکردنەوەیان لەسەر وردەکاریی یاسایی دۆسیەکە نەداوە، بەڵام دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە ناڕەزایەتی و دەنگدانەوەی لەناو ناوەندە میدیاییەکان لێ کەوتووەتەوە.