‎شەوی رابردوو لە هەندێ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارەکانی مەریوان و دێولان لە پارێزگای سنە و سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو.

‎ ‎هەر شەوی رابردوو لە چەند شارێکی ئێران خەڵکی رژانە سەر شەقامەکان، لەوانەش لە شاری ئەندیمشک لە پارێزگای خوزستان، مەشهەد لە پارێزگای خوراسان، زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان، تاران و کەرەج.

‎سەبارەت بە تووندوتیژییەکانی هێزەکانی ئەو وڵاتە، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە دوێنێ سێشەممە 22ـی 11ـی 2022 رایگەیاند، "لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا 72 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە 56 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون."

‎بەپێی راگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کۆی گشتی ژمارەی کوژراوانی ناڕەزاییەکانی شارەکانی ئێران گەیشتوەتە 416 کەس، لەو ژمارەیەش 51 منداڵ و 27 ژن لە ناو کوژراوەکاندان.

‎بەهۆی رەفتاری هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران، بە تایبەت پاش بڵاوبوونەوەی چەند ڤیدیۆیەک کە تەقەی راستەوخۆ لە کەسانی ناڕازی دەکرێت و ژن و منداڵ دەکرێنە ئامانج، هەریەک لە پەرلەمانی ئەوروپا و ئەمریکا و مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، داواکارن سزای زیاتر بەسەر ئێران بسەپێندرێت هەتا ئەوکاتەی کۆتایی بە توندوتیژییەکان دەهێنێت.

‎لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلکێر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لە سویسرا، وتی: کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران توندتر بووە و هەر وەک دەبینین لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 400 کەس کوژراون.

‎هاوکات، رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هەلیکۆپتەری سەربازیی ئێران بەسەر شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سوڕاوەتەوە، لە شەقامی مەنگوڕ لە پیرانشار، بەردەوام دەنگی دەستڕێژی هێزەکانی حکومەتی ئێران بەڕووی خەڵکدا بیستراوە و چارەنووسی چەندین کەسیش لە شارەکانی رۆژهەڵات نادیارە.

‎لە بەرامبەردا، مەسعود ستایشی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاندووە، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە، 40 هاوڵاتی بیانی "تێکدەر و گێرەشێوێن" دەستگیرکراون، رۆژنامەی "جیهان سانات"ی ئابورییش داخراوە، چونکە تۆمەتی ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان کردووە.