‎سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کرد و رایگه‌‌‌یاند، پابەندیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دووپاتکردەوە و جەختیش لە پاڵپشتیکردنی سەرۆککۆمار دەکاتەوە بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە.ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی دووه‌‌‌می 2022، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق یەکەم سەردانی خۆی دوای دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سەلام بۆ هەولێر کرد و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێکرد نێچیرڤان بارزانی، لە تویتێکدا لەبارەی پێشوازی لە لەتیف رەشید و کۆبوونەوەیان دەڵێت: "خۆشحاڵبووم بە پێشوازی لە د. لەتیف رەشید لە یەکەم سەردانی بۆ هەولێر وەک سەرۆککۆماری عێراق". سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی نووسیوە کە پابەندیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دووپاتکردووەتەوە. هاوکات "جەختیشم لە پاڵپشتییەکانم بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کرد لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی وڵاتەکە دەبنەوە."لە رۆژانی 15 تا 17ـی ئەم مانگە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و هەر یەکە لە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشدارن.