بزوتنەوەی ئایندەی کوردستان, وەڵامێک بۆ لێدوانە شۆڤێنییەکانی ڕەزا پەهلەوی
ڕاگەیەندراوێک لەبزووتنەوەی ئایندەوە بۆ ڕای گشتی: وەڵامێک بۆ لێدوانە شۆڤێنییەکانی ڕەزا پەهلەوی لە کاتێکدا گەلانی ئێران و کوردستان لە سەختترین قۆناغی خەباتدان بۆ ڕزگاربوون لە دەستی ستەمی کۆماری ئیسلامی، جارێکی تر پاشماوەکانی ڕژێمی پاشایەتی، کە خۆیان مێژوویەکی ڕەشیان لە سەرکوت و دیکتاتۆری هەیە، بە زمانێکی هەڕەشەئامێز و پڕ لە عەقڵیەتی ناوەندگەرایی هاتوونەتە دەنگ.لێدوانەکانی ئەم دواییەی "ڕەزا پەهلەوی" و تۆمەتبارکردنی لایەنە کوردییەکان بە "جیاخوازی" و هەڕەشەکردن بە بەکارهێنانی "سوپا"، نەک هەر سووکایەتییە بە خەباتی ڕەوای گەلی کورد، بەڵکو پەردە لەسەر ڕوخساری ڕاستەقینەی عەقڵیەتێک لادەبات کە جیاوازییەکی جەوهەری لەگەڵ ڕژێمی ئێستا نییە.لێرەوە چەند خاڵێک بۆ ڕای گشتی و خودی ڕەزا پەهلەوی ڕادەگەیەنین:
١ . هەڕەشەی بێ بنەما: ڕەزا پەهلەوی لە کاتێکدا باس لە "سوپاکەی" دەکات کە خۆی دەیان ساڵە وەک ئاوارەیەکی سیاسی سەرگەردان لە هەندەران دەژی و هیچ دەسەڵاتێکی کردەیی لەسەر خاک نییە. هەڕەشەکردن بە سوپایەک کە بوونی نییە، نیشانەی دابڕانێکی قووڵە لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوخۆی وڵات.
٢. پرسی کورد و تۆمەتی جیاخوازی: خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانە. بەکارهێنانی وشەی "جیاخواز" هەمان ئەو چەکە کۆنەی ڕژێمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییە کە بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازادی و شەرعیەتدان بە کوشتار بەکاریان هێناوە. کورد داوای دادپەروەری دەکات، نەک سوڵتەی ناوەندیی ستەمکار.
٣. مێژوو ناگەڕێتەوە بۆ دواوە: سەردەمی "کۆلکەشایەتی" و حوکمی تاکەکەسی و بنەماڵەیی بەسەرچووە. گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی، قوربانییەکی زۆریان نەداوە بۆ ئەوەی دیکتاتۆریەتێکی ئایینی بە دیکتاتۆریەتێکی پاشایەتی بگۆڕنەوە. هەر جۆرە لێدوانێک شۆڤینی هاوشێوەی ڕژێمی ئێستا، ئەگەر دان بە مافی نەتەوەکان و پرەنسیپە دیموکراتییەکاندا نەنێت، تەنها درێژەپێدەری هەمان بازنەی چەوساندنەوە دەبێت.
٤. کوردستان سەنگەری ئازادییە: هێزە کوردییەکان و خەڵکی کوردستان سەلماندوویانە کە پێشەنگی گۆڕانکاریی دیموکراتین لە ئێراندا (نموونەی شۆڕشی ژینا). هیچ هێزێک، چ لە دەسەڵات بێت و چ لە ئاوارەیی خەونی گەڕانەوە بۆ سەر تەخت ببینێت، ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی زەوت بکات.لەکۆتاییدا:پێویستە ڕەزا پەهلەوی و هاوبیرانی بزانن، ڕێگەی ڕزگاری لە ڕژێمی ئێستا لە تارانەوە تێناپەڕێت ئەگەر دانیشتوانی تاران و سنە و بەلوچستان و تەورێز یەکسان نەبن لە مافدا. سیاسەتی پەراوێزخستن و هەڕەشە، تەنها تەمەنی ستەمکاری درێژ دەکاتەوە. گەلی کورد بەردەوام دەبێت لە خەبات و هیچ هەڕەشەیەکی "دەربەدەرێک" سڵیان لێ ناکاتەوە.سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلان و ڕووخانی دیکتاتۆرییەت بە هەموو جۆرەکانییەوە. بزوتنەوەی ئایندەی کوردستان