شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، ئەمیرعەلی حەیدەری جەعفەری ئابادی، ١٧ ساڵە و خەڵکی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئەمیرعەلی حەیدەر ئابادی، ناوبراو لە شەقامی کاشانی شارەکی ئیلاهیەی کرماشان بە چەکی کڵاشینۆف تەقەی لێکراوە و گوللەکە نزیک دڵی پێکاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوە زیادی کرد کە تەرمی ئەمیر عەلی حەیدەری جەعفەرئازادی پاش وەرگرتنی یەک میلیارد تمەن بە بنەماڵەکەی دراوەتەوە و یەکێک لە ئامادەبووان لە ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنەکەی لە گۆڕستانی گوندی “توەلی” پاش وتنەوەی درووشمی ناڕەزایەتی، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان، بە توندووتیژییەوە دەستبەسەر كراوە.
هەروەها لە بەڵگەنامەی مردنەکەی پزیشکی یاسایی سەبارەت بە هۆکاری مردنی ئەم منداڵە، هیچ ئاماژەیەکی بە تەقەی فیشەک نەکردووە و لە ڕاپۆرتەکەدا وتراوە کە بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست داوە.