دوابەدوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە ئێران و توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان لە دژی خۆپیشاندەران، مارک کارنی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، “کوشتنی خۆپیشاندەران، بەکارهێنانی توندوتیژی، گرتنی ئارەزوومەندانە و تاکتیکی تۆقاندن لەلایەن ڕێژیمی ئێران لە دژی گەلەکەی خۆی” بە توندی ئیدانە کرد.
بە جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران، کارنی نووسی: ئێمە بە هاوسۆزی لەگەڵ گەلی ئێران وەستاوین؛ گەلێک کە دەبێت دەنگی ببیسترێت، وەک چۆن داوای ئازادی و کەرامەت دەکەن.”
ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە دێت کە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا پێشتر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانی قووڵیی خۆیان لە ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەربڕیبوو.