ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە داخستنی ئینتەرنێتی سەرتاسەری لە ئێران هەنگاوێکی بە ئەنقەست لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی سەرکوتکردنی کوشندە و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندایە.
بە گوتەی ڕێبێکا وایت، توێژەر لە تاقیگەی ئاسایشی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بێبەشکردنی خەڵک لە ئینتەرنێت نەک هەر ڕێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بەڵکوو پێشێلکارییەکی جددی مافەکانی مرۆڤە و ڕێگری دەکات لە بەڵگەنامەکردنی کوشتنی نایاسایی و حاڵەتەکانی دیکەی بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە ئاماژەدان بە تۆمارەکانی خەزەڵوەری ٩٨ و ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی ١٤٠١ جەختی لەوە کردووەتەوە کە داخستنی ئینتەرنێت هەمیشە ئامرازێک بووە بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان و دروستکردنی پارێزبەندی بۆ ئەنجامدەرانی سەرکوتکردن.
ئەم ڕێكخراوە داوای کردووە دەستبەجێ ئینتەرنێت بگەڕێندرێتەوە و هەنگاوی بەپەلە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی سەرکوت و خوێنڕشتنی زیاتر بكرێت.