سەرۆکی بەوەکالەتی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند ئامانجی ئەمەریکا گۆڕینی ڕژێم و دابەشکردنی سامانی وڵاتە بەڵام ڤەنزوێلا نابێتە کۆلۆنیی هیچ وڵاتێک
سەرۆکی بەوەکالەتی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند ئامانجی ئەمەریکا گۆڕینی ڕژێم و دابەشکردنی سامانی وڵاتە بەڵام ڤەنزوێلا نابێتە کۆلۆنیی هیچ وڵاتێک
دەستنیشانکردنی ئەو لەلایەن دادگاوە نیشانەی ئەوەیە کە باڵی سیاسی و یاسایی حکوومەتەکەی مادورۆ هێشتا خۆیان بە ڕادەستبوو نازانن و دەیانەوێت لە ڕێگەی دەستوورەوە شەرعییەت لەو حکوومەتە کاتییە وەربگرنەوە کە ئەگەری هەیە ئەمەریکا پشتگیری بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی ١ی ٢٠٢٦، دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە، دادگای باڵای ڤەنزوێلا بڕیارێکی بەپەلەی دەرکرد و "دێلسی ڕۆدریگێز"، جێگری سەرۆکی وڵاتی بۆ وەرگرتنی هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆک بە وەکالەت ڕاسپارد.
دادگای باڵا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە بۆ دابینکردنی بەردەوامیی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، چونکە مادورۆ بەهۆی ئەوەی دادگا بە "ڕفاندن و نەبوونی زۆرەملێ" وەسفی کردووە، ناتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.
لای خۆیەوە، دێلسی ڕۆدریگێز لە یەکەم دەرکەوتنیدا وەک سەرۆکی بەوەکالەت ڕایگەیاند: "ئامانجی ئەمەریکا گۆڕینی ڕژێم و دابەشکردنی سامانی وڵاتە، بەڵام ڤەنزوێلا نابێتە کۆلۆنیی هیچ وڵاتێک". داوای ئازادکردنی دەستبەجێی مادورۆ و هاوسەرەکەشی کرد و جەختی کردەوە کە سوپا و گەل لە بەرگری بەردەوام دەبن.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی دەستگیرکردنی مادورۆی ڕاگەیاند و وەزیری دادی ئەمەریکاش ئاشکرای کرد کە ناوبراو بە تۆمەتی "تیرۆر و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر" دادگایی دەکرێت.
بەپێی دەستووری ڤەنزوێلا، لە کاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکدا، جێگرەکەی دەسەڵاتەکان دەگرێتە دەست. دێلسی ڕۆدریگێز یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە نزیک و متمانەپێکراوەکانی مادورۆ و بە هەڵوێستە توندەکانی دژی واشنتن دەناسرێت.