ئەحمەد بەشیر بە فەرمی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیاند
ئەحمەد بەشیر بە فەرمی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیاند
ئەحمەد بەشیر، پێشکەشکاری ناسراوی بەرنامەی "ئەلبەشیر شۆ"، بە فەرمی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیاند.
ئەلبەشیر کە ساڵانێکە لە ڕێگەی شاشەوە و بە شێوازێکی کۆمیدیای ڕەش (Dark Comedy) ڕەخنە لە سیستەمی حوکمڕانی عێراق دەگرێت، ئەمڕۆ (٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دەیەوێت لە چوارچێوەی "ئەرکی نیشتمانی" و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییەکان بچێتە کۆشکی سەلامەوە.
لە بەشێکی بەیاننامەکەیدا، ئەلبەشیر دەڵێت: "هەموو هەوڵێک دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی یەکێتیی عێراق و سیستەمە دیموکراسییەکەی." ناوبراو بەڵێنیشی داوە کە پارێزەری دەستوور و مافە دەستوورییەکانی تەواوی خەڵکی عێراق بێت.
دەقی راگەیەنراوی ناوبراو:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
﴿وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ﴾
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییانەی کە نیشتمانە ئازیزەکەمان پیایدا تێدەپەڕێت، و لە سۆنگەی پابەندبوونمان بە ئەرکی نیشتمانیمان بەرامبەر عێراق و گەلە بەڕێزەکەی، من کە هاوڵاتی (ئەحمەد ئەلبەشیر)م، خۆپاڵاوتنم بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕادەگەیەنم، بەپێی ڕێکار و مەرجە یاساییە پەسەندکراوەکان.
لە کاتێکدا ئەم خۆپاڵاوتنە دەخەمە بەردەم تەواوی هێزە سیاسییەکان و ڕۆڵەکانی گەلە ئازیزەکەمان، بەڵێن دەدەم لە حاڵەتی بەدەستهێنانی متمانەدا، هەموو هەوڵ و توانایەکم بخەمە گەڕ لەپێناو پاراستنی یەکێتیی عێراق و پارێزگاریکردن لە سیستەمە دیموکراسییەکەی، هەروەها پاراستنی دەستوور و گەل و بەرژەوەندییە باڵاکانی و تەواوی مافە دەستووری و نیشتمانییەکانی.
خزمەتکردن بە عێراق ئامانجمانە.
ئەحمەد ئەلبەشیر
٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥