بەهۆی هێرشی گروپەكانی سەربە دیمەشق پێنج هاوڵاتی برینداربون یەكێكیان منداڵە
بەهۆی هێرشی گروپەكانی سەربە دیمەشق پێنج هاوڵاتی برینداربون یەكێكیان منداڵە
هەسەدە
راشیگەیاندووە: هێرشەكە درێژەپێدەرێکی ڕوونی ئەو هەڵکشانە بێ کۆنترۆڵەیە کە هەڕەشە لە ئاسایشی شارەکە و ژیانی خەڵکی مەدەنی دەکات، هەروەها بێتوانایی حکومەتی دیمەشقە لە کۆنترۆڵکردنی گروپەكانی، ئۆباڵی تەواوی بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانەش دەخاتە ئەستۆی دیمەشق.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند: بەهۆی هێرشی بەردەوامی گروپە چەكدارەكانی سەربە حكومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، بە بەکارهێنانی هاوەن و چەکی قورس پێنج هاوڵاتی مەدەنی برینداربون كە یەكێكیان منداڵە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات راشیگەیاندوە: دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکەو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامن لە بەرەنگاربونەوەی ئەو دوژمنكارییەو، هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی خۆیان و گیانی هاوڵاتیان.
پێشتریش هەسەدە ئەوەی ئاشکرا کردبوو: هێزەکانی حکومەتی دیمەشق بە چەکی قورس و مامناوەند هێرشێکی توندیان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی كوردنشین لە حەلەب دەستپێكردووە، دوای ئەوەی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان لە حەلەب کردە ئامانج، دانیشتوان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرەنگاری هێرشەکە بونەتەوەو هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی خۆیان دەگرنەبەر.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب لە هێرشێکدا لەلایەن گروپەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری حکومەتی دیمەشق بۆ سەر خاڵێکی پشکنین لە شێخ مەقسود برینداربوون.