سەرنەکەوتنی یەکلاکەرەوەی شۆڕشی ژینا لە ڕوانگەی "تیۆری سیستەم" بە گرینگیدان بە چوار پێکهاتەی سەرەکی "کات"، "شوێن"، "ئیمکان"، "زمان"
کات
شۆڕشەکان ئەگەر لە "ساتێکی زێڕین"دا ڕوو بدەن و هاوکات بن لەگەڵ کەلێنی پێکهاتەیی و قەیرانی سیستماتیکیدا سەردەکەون. ساتەوەختی گیانبەختکردنی ژینا و دواتر ئەسپەردەکردنی لە سەقز، فڕێدانی سەرپۆشەکان بۆ ئاسمان لە گۆڕستانی ئایچی، دروشمی دژە ڕژێم، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، دروشمی دژەداگیرکاری، دروشمی ناسنامەخوازانە و دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، وزە و شەرعییەتێکی گەورەی خوڵقاند بەڵام نەگەیشتە قۆناغی سینێرژیکی فرە قەیرانی و چەقاندنی کوردستانی.
شوێن
شۆڕشی ژینا بنەچە و ئاخێزگەیەکی جوگرافیایی کوردستانی بوو و توانای ئەوەی هەبوو ببێتە فاکتەری ناوەند- واتایی و کاتالیزۆڕێک بۆ کۆدەنگی کوردستانی، بەڵام نەیتوانی بەباشی فراوانی بکاتەوە بۆ ئاستی نەتەوەیی-کوردستانی. ناسنامەی کوردایەتی بزووتنەوەکە لە جیاتی ئەوەی ببێتە سەراتی و هێزی بزوێنەر، لە لایەن سەرکردایەتی مەیلەو ئێران و ڕێبەری نابوێر و نەبوونی متمانە بەخۆبووون و نابەرزەخۆیی، و دواتر لە لایەن میدیا یان دەزگاگەلی ئێران تەوەر ، گۆڕدرا بۆ فاکتەری پەرتەوازەیی و دابچڕان و دابەشبوون و ڕێگری کرد لە گواستنەوەی وزەی جووڵێنەری ڕاپەڕین و دروستکردنی خاڵی تەقینەوەی ناوەندی گۆڕانکاری لە کوردستاندا
ئیمکان
نەبوونی ئیمکاناتی پێکهاتەیی، نەبوونی سەرچاوە جۆربەجۆرەکان، لاوازی ڕێکخستن و نوقسانی سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو بۆ گواستنەوە لە ڕاپەڕین بۆ شۆڕشی ڕاستەقینە، هەروەها نەبوونی ڕوانگە و کردارێکی تۆکمە و یەکگرتوو، بووە هۆی ئەوەی بزووتنەوەکە توانای ڕێنوێنی کردەیی و مەیدانی نەمێنێت و لە قۆناغی خۆڕسکدا بمێنێتەوە، و دواتر، ڕژێم دەستی بەسەر کەرەستەی کۆنترۆڵکردنی گێڕانەوە و کۆکردنەوەی سەرچاوەکاندا گرت و بە سەرکوتی فیزیکی دایمرکاند. هاوتەریب، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش دەستی بەسەر گێڕانەوەکەدا گرت و لە ئەنجامدا سازمانی شۆڕشگێڕی کوردستانی قاڵبی نەگرت.
زمان
شۆڕشەکان پێویستیان بە زمان و گوتار و گێڕانەوەی هاوبەش هەیە کە بتوانێت گشتگیری دروست بکات. هەرچەند زمانی شۆڕشی ژینا شوناس تەوەر، ژن تەوەر، جەوان تەوەر، ڕزگاریخواز و نوێگەرا بوو، بەڵام بە هۆی پارچەپارچەبوونی گێڕانەوەکان، پەرت بوو و سیاسەتی کوردیش بە ئەنقەست یان بێ مەبەست و بگرە نەزانانە یان بە لێکدانەوەی ماوەبەسەرچوو، شەڕی گێڕانەوەکانی بە ئێرانچییەتی و میدیای فارسی تەسلیم کرد.
لە ئەنجامدا زمانی سیاسی بزووتنەوەکە نەیتوانی چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بە شێوازێکی کارامە و کارتێکەر لە دەوری پرسی کوردستانی یەکبخات.
شۆڕشی ژینا لە کۆتاییدا بەهۆی بێتوانایی لە دروستکردنی کارلێکی شوین، کارلێکی زەمەن، کارلێکی ئیمکان و کارلێکی زمانی، هەروەها بێتوانایی لە دروستکردنی هاوئاراستەیی و لە ئەنجامدا درووستنەبوونی کارلێکی فرەڕەهەند، لە ئاستی خەلەلیکی کاتیدا مایەوە و چووە نێو سووڕێک لە ناتەواوی و هەڵپەساردوویی.