لارنس نۆرمن، پەیامنێری ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕووسیا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی نوێی سەبارەت بە سەپاندنەوەی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە.
بە گوتەی نۆرمن، ڕەشنووسەکە کەمێک لە هەڵوێستی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی نزیكە، بەڵام شانسی تێپەڕاندن و پەسەند كردنی نییە. لە دەقە نوێیەکەدا ئەو بڕگەیە کە پێشتر ڕێگری لە سەپاندنەوەی سزاکان لە ئەگەر درێژكردنەوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ دەكرد، لابراوە.
هەروەها داوا لە هەموو "لایەنە سەرەكییەكانی بەرجام، لەوانەش ئەمریکا، ڕووسیا، چین و وڵاتانی ئەوروپا دەكات، دەستبەجێ دانوستانە ئەتۆمییەکان دەستپێبکەنەوە. هەروەها هێشتاش سەبارەت بە یاسایی بوونی میکانیزمی ماشە ناكۆكی هەیە؛ پرسێک کە ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی بە نایاسایی دەزانن.
هەروەها هیچ پابەندییەك لە كۆماری ئیسلامی بۆ درێژکردنەوەی شەش مانگ داوا نەكراوە؛ پرسێک کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خواستی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی ناکۆکە.