ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانان، پوویا نەسیری، تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر دوکانەکەی لەو شارە بە بەکارھێنانی توندوتیژی و لێدان و كوتان و هەروەها بەبێ هیچ بەڵگەیەكی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەروەها پێشتریش، پووریا نەسیری، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی مافی زانکۆ ئازادی مەهاباد و برای پوویا، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو و لە ڕێکەوتی ۲ی خەرمانان لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندە دژ بە حکوومەت» سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.