ژنێكی لاو لە شاری گیەڵان لە پارێزگای كرماشان دوای منداڵبوون، بەهۆی كەمتەرخەمیی پزیشكییەوە گیانی لەدەست داوە.
كەوسەر کوچکردوو رایانگەیاند کە ڕەزایی ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژ لە نەخۆشخانەی گیەڵان سزاریەنی بۆ كراوە، بەڵام كاتژمێر یەكی بەرەبەیان دۆخی تەندروستیی تێكچووە.
بە گوتەی كەسوكاری، لەو كاتەدا تەلەفۆنیان بۆ دكتۆرەكەی كردووە، بەڵام لە وڵامدا گوتویەتی; من دەخەوم سبەی دێم، كەچی كەوسەر كە دوو منداڵی هەیە، دوو كاتژمێر دواتر گیانی لەدەست داوە.
لەم جۆرە ڕووداوانە پێشتریش لە نەخۆشخانەی گیەڵان ڕوویانداوە و خەڵكی گیەڵان لە جیاتی نەخۆشخانەی ئەلزەهرا، پێی دەڵێن قەتڵگای ئەلزەهرا.