بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەلێت عێراق و هەرێم داوایان لێ لێکردوون کە لەو ناوچە سنورییانەدا نەمێنن
بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی ئێران دەڵێت، تا ئێستا ئێران نەهاتووەتە ناو هەرێمی کوردستان، پێشتر هاتووەتە ناوچەی سورین و قەندیل و مۆڵگەی داناون، بەڵام لەم ماوە نزیکانە تەنها لە هاوینی ئەمساڵدا بنکەیەکی لە ناوچەی هەڵگورد داناوە و ئیتر لەو شوێنانەن و تا ئێستا پێشڕەویان نەکردووە ئەوەندەی ئـەوان ئاگایان لێی هەیە کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دەنگی ئەمریکا لە بارەی ئەو ناوچانەی کە ئێران هێزی سهربازی بۆ هێناون وتی: " ئێران بە چەکی جۆراوجۆرەوە هێزی هێناوە بۆ سنورەکانی کوردستان و دەیەوێ هەم خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت بکات و هەمیش ببێتە هەڕەشەیەک بۆ هەرێمی کوردستان". دەشڵێت: "بە درێژایی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە ناوچەی مەریوان و بانە تا دەگاتە سەقز، سەردەشت، پیرانشار و شنۆ و تەواوی سنورەکان پێشتر ئێران هێزی زۆری بۆ هێناوە". سەبارەت بەوەی کە لەم ماوەیەدا بارودۆخی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شاخەکاندا چۆنە و ئایا هیچ پێشمەرگەیەکیان گیانی لەدەستداوە یاخود برینداربووە? لەو بارەیەوە ئـەو بەرپرسەی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وتی: "لە شاخەکانی کوردستان هیچ بریندار و شەهیدێکمان نەبووە و لەوێ بۆ ئێمە زۆر ئاساییە و ئێمە راهاتووین لەگەڵ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و لە دوو ساڵی رابردوودا لە شاخەکانی کوردستان هیچ شەهید و بریندارێکمان نەبووە". بەهرامی بەم شێوەیە باسی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان ئەو دەڤەرانە بەگشتی دەکات و دەڵێت: "ئێران بە درۆن و مووشەک و کاتیۆشا و جۆرەها چەکی قورس هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە، لە ناوچەی سیدەکان تا دەگاتە چۆمان و قەندیل ئارامی تێکداوە و زیاتر خەڵکی باشووری کوردستان زەرەرمەندبوون". ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە داوا لە حکومەتی عێراقی دەکات کە لەبەرامبەر پێشێلکردنی سەروەری عێراق بێنە دەنگ، هەروەها داوا لە رای گشتی جیهان دەکات کە بێنە دەنگ و دەڵێت: "ئێران خەریکە کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستانی ئێران دەکات". لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمریکا کاوە بەهرامی بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بەوەی کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ داواکارییەکیان لێکردوون کە لەو ناوچە سنورییانەدا نەمێنن، دەڵێت: "ئـەوان بە ئێمەیان راگەیاندووە بەڵام ئێمە تازە نەهاتووینەتە سەر شاخەکان ئێمە 43 ساڵە لەو شاخانەدا بوونمان هەیە، پێش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە حکومەت و بەر لەوەی ئەم حکومەتە تازەیەی عێراقیش بێت ئێمە درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان دەدەین".