قوباد تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجوومەنی وەزیران ناکات
ئەمرۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت کۆدەبێتەوە.
ئەمرۆ چوارشەممە 23ـی 11ـی 2022، سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "قوباد تاڵەبانیبەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ناکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە بۆ جاری سێیەمە جێگری سەرۆک وەزیران بەشداری کۆبوونەوەکان ناکات."
بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە وەزیرانی دیکەی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ناکەن.
دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە قوباد تاڵەبانی بەشداربوە تێیدا رۆژی 12ی تشرینی یەکەمی 2022 بەڕێوەچوە، واتە 40 رۆژلەمەوبەر.
ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی، هۆکاری بەشداری نەکردنی قوباد تاڵەبانین لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، دوێنێ لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا رایگەیاند: حکومەت نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ سنوریسلێمانی و هەڵەبجە دەکات و هاوڵاتیانی هەست بە سزا دەکەن، بۆیە یەکێتی قبوڵی ناکات خەڵکەکەی وەک پلە دو سەیر بکرێت.