‎له کاتێکدا ڕژێمی ئێران ڕاسته‌‌‌‌وخۆ هاوپشتی ڕووسیا ده‌‌‌کات له جه‌‌‌نگی ئوکڕانیا، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، موشەکێکی نوێیان دروست کردووە کە دەتوانێت سیستمە دژە موشەکییەکان ببڕێت و بیانکاتە ئامانج، تاوەکو دەیان ساڵی دیکەیش تەکنۆلۆژیایەک نابێت کە بتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە. 
 
‎ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، موشەکێکی  بالیستیکی هایپەرسۆنیکی پێشکەوتوو یان دروستکردووە کە خێراییەکی زۆری هەیە.
 
‎ئەمیرعەلی حاجیزادە دەڵێت، ئەو مووشەکە  سیستمە دژە موشەکییەکانی دوژمن دەکاتە ئامانج و لە بواری مووشەکدا پێشکەوتنێکی گەورەیە. 
‎موشەکی هایپەرسۆنیک دەتوانێت لانیکەم پێنج هێندە خێراتر لە دەنگ و بە رێڕەوی ئاڵۆزدا بڕوات و ئەمەش وادەکات دەستنیشانکردن و بەرەنگاربوونەوەیان زۆر قورس بێت.
‎لەگەڵ ئەوەشدا هیچ زانیارییەک نییە کەوا ئێران ئەم جۆرە مووشەکەی تاقیکردبێتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ساڵانەدا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەمارۆ و سزاکان، پیشەسازیی ناوخۆیی بەرهەمهێنانی مووشەکی پەرەپێداوە.
 
‎هاوکات، بەرنامەی مووشەکە بالیستیکەکانی ئێران بووەتە هۆی نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەش، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی مووشەکەکانی، بۆ بەرگرییە.