خوێندنەوەیەک بۆ سێبەری کۆنگرەی ئازادی ئێران و پاشکۆیەتی سیاسی کۆنگرەی ئازادی یان کۆبوونەوەی مافی مرۆڤ
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان
لە کاتێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە بەردەم گۆڕانکاریی گەورەدان، جارێکی تر شانۆگەرییەک بەناوی کۆنگرەی ئازادی بەڕێوە دەچێت کە تێیدا کوردستان وەک قەوارە و وەک ناسنامە، دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و دروشمە بریقەدارەکانی ئێرانیزم. لە کاتێکدا ئەوانەی بەشداری ئەم کۆنگرەیان کردوە زۆرینەیان ڕێکخراوی مافی مرۆڤن و سیاسی نین و ژمارەش نین لە گۆڕانکاریدا. کێشەی کورد بەتەنیا کێشەی مرۆیی نیە کێشەی نەتەوەو سیاسی و جیۆپۆلەتیکیە .بۆیە ئێمە لە بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان، بە وردی چاودێری ئەم جووڵانە دەکەین و پێمان وایە ئەوەی ڕوو دەدات، نەک هەر هەڵەی ستراتیژییە، بەڵکو مەترسییەکی جدییە لەسەر پاشەڕۆژی نەتەوەکەمان.
١.
کاتێک ناو ناهێنرێت، ماف بوونی نییە
هەر کۆبوونەوە و کۆنگرەیەک کە نەتوانێت بە ڕاشکاوی ناوی کوردستان بهێنێت و دان بە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورددا نەنێت، تەنیا درێژەپێدەری هەمان عەقڵییەتی ناوەندگەرایە کە سەدە و نیوێکە کوردی پێ سەرکوت دەکرێت. چۆن دەکرێت هێزە کوردییەکان (دیموکرات و کۆمەڵە) لە ژێر چەترێکدا دابنیشن کە تێیدا وشەی کوردستان بڤە بێت؟ ئەمە پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لە دەستکەوتە مێژووییەکانی خەباتی ڕۆژهەڵات.
شانۆگەریی پژاک؛ ململانێ بۆ پاشکۆیەتی
کوێرەوەری کۆمۆنالیزمی دیموکراتیک و شینی هەریسەکە
دیمەنی وەدەرنانی پژاک و پاشان گەڕانەوەیان بە شین و شەپۆڕ و تکا، نیشانەی کورتبینیی سیاسیی ئەو ڕێکخراوەیە. ئەوانەی پێیان وابوو نەتەوەی دیموکراتیک و ڕەتکردنەوەی سنوورە نەتەوەییەکان ڕێگای ڕزگارییە، ئێستا دەبینین بۆ تەنیا کورسییەک لە کۆنگرەیەکدا کە هیچ بڕوای بە کورد نییە، چۆن دەپاڕێنەوە.
پلان و ستراتیژی پژاک لەم کۆنگرەیەدا ڕوونە: ئەوان دەیانەوێت ببنە بەشێک لە سیستمێک کە ناسنامەی کوردی تێدا بتوێتەوە. بێدەنگبوونیان بەرامبەر ناونەهێنانی کوردستان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەجێندای ئەوان نەک هەر نەتەوەیی نییە، بەڵکو لە خزمەت جۆرێکی تری خۆسەپێنیی سیاسیدایە کە دەیەوێت پرسی کورد لە چوارچێوەی کێشەی هاوڵاتیبووندا بچووک بکاتەوە.
پەیامی ئێمە بۆ حزبە کلاسیکەکان
بەشداریی حزبی دیموکرات و کۆمەڵە لەم جۆرە کۆنگرانەدا بەبێ مەرجی پێشوەختە لەسەر دانپێدانانی فەرمی بە قەوارەی کوردستان، جۆرێکە لە خۆکوشتنی سیاسی. ناتوانرێت لە مەهاباد و سنە و کرماشان بە ناوی ڕزگاریی نەتەوەیی یەوە خەڵک بە کوشت بدەن و لە پاریس و لەندەن و واشنتۆن واژۆ لەسەر بەڵگەنامەیەک بکەن کە ناوی کوردستانی تێدا نەبێت. ئەم دووئالیزمیە، متمانەی جەماوەر بە ڕێبەرایەتی سیاسی کورد لاواز دەکات.
ئەرکی بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان
ئێمە وەک بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان، ڕای دەگەیەنین:
ئازادیی ئێران بەبێ ئازادیی کوردستان، سەرابێکە و دووبارەبوونەوەی مێژووی شکستەکانە .
ئێمە دژی هەر هاوپەیمانییەکی سیاسیین کە مافی چارەی خۆنووسین و خاک و نەتەوەی کورد وەک خاڵی سەرەکی و بێ چەندوچوون لە بەرنامەکەیدا نەبێت.
پژاک و هەر لایەنێکی تر کە کوردستان فەرامۆش بکەن بۆ ئەوەی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانییەوە وەک دیموکرات سەیر بکرێن، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی مێژوویی دەبنەوە.
پێویستە لایەنە کوردییەکان تێبگەن کە هێزی ئێمە لە ناوەوەیە، نەک لە هۆڵە ساردەکانی هەندەران و لەناو دەفتەری ئەو کەسانەی کە هێشتا ئامادە نین تەنیا بە یەک وشە بڵێن: کوردستان. ئێمە نابێت ببینە سووتەمەنی بۆ گۆڕینی کڵاوێک بە کڵاوێکی تر لە تاران؛ ئێمە تەنیا بۆ کوردستان خەبات دەکەین و هەر ڕێک کەوتنێک ناوی کوردستانی تێدا نەبێت، لای ئێمە وەک کاغەزێکی سپی و بێبایەخ وایە.
ناوەندی بڕیار
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان