وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەو کەسەی دوێنی بۆمبی لە شەقامی ئیستیقلال داناوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی شەش کەس دەستگیرکراوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەو کەسەی دوێنی بۆمبی لە شەقامی ئیستیقلال داناوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی شەش کەس دەستگیرکراوە. سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کەسەی بۆمبی تەقینەوەکەی دوێنیی لە شەقامەکە دانابوو، دەستگیرکراوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە تەقینەوەکەدا شەش کەس گیانیانلەدەستداوە و دەشڵێت، "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان تورکیا گومانی هەیە پارتی کرێکارانی کوردستان تەقینەوەکەی ئەنجامدابێت". ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ لە شەقامی ئیستیقلال لە ناوچەی تەقسیمی ئیستانبوڵ تەقینەوەیەک روویدا و شەش کەس گیانیانلەدەستدا و 53 کەسیش بریندار بوون.هاوکات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، تەقینەوەکەی شەقامی تەقسیم چەکداری بووە و بەڵێنیشیدا بکەرانی ئەو کردەوەیە دەستگیربکرێن. ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی کۆتایهاتنی لێکۆڵینەوەکان و ئاشکرابوونی بکەرەکان وێنە و ناسنامە و سەرجەم زانیارییەکانی بکەرەکان بڵاودەکەنەوە.لای خۆشیانەوە، پارتی دیموکراتی گەلان و سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتەکە لە زیندانی ئەدەرنەوە لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرۆکۆنەی هێرشەکە دەکەن و باسی لەوەشکرد، هەر چۆن بووبێت و هەر کێ بێت تیرۆرە چونکە خەڵکی سڤیل کراوەتە ئامانج.