ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی (رووداو 24)
ڕووداو٢٤،ڕابردوو،ئێستا،داهاتوو
         

لێکدانەوەی دوو بزوتنەوە شوانە و ژینا – دوو کاردانەوە

لێکدانەوەی دوو  بزوتنەوە شوانە و ژینا –  دوو کاردانەوە
ناسر تەها

  ڕووداوە مێژووییەکان بە تایبەت کوشتنی گەنجان لە هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییە مەترسیدارەکاندا هەمیشە دەتوانن ببنە بزوێنەر بۆ ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان. لە مێژوودا دەتوانرێت زۆر نموونەی لەو جۆرە بهێنرێتەوە بەڵام باسی ئێمە باس لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و دوونموونەی کە لەم چارەگە سەدەدا رویداوە کوشتنی سەید کەمال ئەسفەرم ناسراو بە شوانە سەید قادر لە ساڵی ٢٠٠٥ و ژینا ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٢ نموونەی بەرچاوی ئەم دیاردەیەن. ئەم دوو رووداوە لە رووی رەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی و کاردانەوەی گشتییەوە جیاوازییەکی گرنگیان هەیە، بەڵام یەک هاوبەشی روونیان هەیە، ئەویش لە هەردوو حاڵەتەکەدا نەتەوەی کورد بێدەنگ نەبوو و خوێنی منداڵەکانی بێ وەڵام نەهێشتەوە. کوشتنی شوانە و ژینا هەردووکیان  بزوتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی گەلی کورد لێکەوتەوە، بەڵام جیاوازی مێژوویی و ئابووری و میدیایی چارەنووسی ئەو ناڕەزایەتیانەیان گۆڕی. مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکارییە لەسەر ئەم دوو رووداوە و شیکردنەوەی کاردانەوەکانی خەڵک و رۆڵی ئابووری و سیاسی و نەتەوەییەکان لە پێکهاتنی ناڕەزایەتییەکان.

  شوانە ئەندامی یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان بوو و رۆڵی کارای لە بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییەکانی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکاندا هەبوو. گرتن و ئەشکەنجەدانی و رادەستکردنی تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی، ناڕەزایەتی لە شاری مەهاباد و هەموو شارەکانی دیکەی کوردستانی لێکەوتەوە. لە مەهابادەوە بۆ ورمێ تا خوڕەماباد

  شوانە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە شاری مەهاباد کوژرا. شەوانە لە ١٨ی پوشپەڕ ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی دەستبەسەر و لە ٢٢ی پوشپەر تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرا و بڵاوبوونەوەی وێنە و سی دیی شوێنی گوولە  و لاشەی ئەشکەنجە دراوە و ئەسید پیارژاوی خەڵکی شاری مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی هێنایە سەر شەقامەکان. لەم ناڕەزایەتیانەدا ٢٣ خۆپیشاندەر کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش دەستگیرکراون. کۆمەڵگای فارسی زمان بێدەنگ بوون، چونکە قوربانییەکە کورد بووە و پرسەکەی بە پرسێکی کورد دادەنرا. لەو کاتەدا ئێران هێشتا رووبەڕووی قەیرانی ئابووری بەربڵاو و گەندەڵی نەبوو و ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی سنووردار بوون بە کورد.

 

  کوشتنی  ژینا (١٤٠١) لە تاران روویدا، لە قۆناغێکدا کە ئێران رووبەڕووی قەیرانی ئابووری و تەحریم و گەندەڵی بەربڵاو بووەوە و بڵاوبوونەوەی خێرای هەواڵ و وێنەی ژینا لە رێگەی سۆشیال میدیاوە نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە سەرانسەری جیهان  سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی راکێشا. بە پێچەوانەی کوشتنی شوانە، ئەمجارەیان خەڵکی فارسی زمانیش رژانە سەر شەقامەکان. هۆکاری سەرەکی بوونی گەلانی دیکە لەبەر دوو هۆکار بوو. بۆ گەلانی تر، دەرفەتێک بوو بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی خۆیان لەگەڵ نەتەوەی کورد لە ئازارێکی هاوبەشدا، بەڵام بۆ خەڵکی فارسی زمان، ئەوە ناڕازیبوون بوو لە دۆخی ئابووری و گەندەڵی ، نەک تەنیا کوشتنی ژینا.

 

  نەتەوەی کورد لە هەردوو حاڵەتەکەدا کورد پێشەنگی ناڕەزایەتییەکان بوو، نیشانی دا کە خوێنی منداڵەکانیان بێ وەڵام ناهێڵنەوە. بێدەنگ نەبوونی نەتەوەی کورد لایەنێکی روونی بەرخۆدان و خۆئاگایی نەتەوەیە.

 

  ئەم شیکارییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مردنی تاک ئەگەرچی تاڵ و ناخ هاژێنە بێت، بەڵام هەمیشە هۆکاری راستەوخۆی بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان نییە، بەڵکو ئابووری و سیاسییەکان و هەروەها رۆڵی هەبووە.

 

  کوشتنی شوانە سەید قادری لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٣٨٣ و بێدەنگی کۆمەڵگای فارس لە بەرامبەردا بۆ زۆرێک لە کوردەکان مانایەکی روونی هەبوو کە نەتەوە غەیرە فارسەکان لە چاوی ناوەندگەرەکاندا هیچ بەهایەکیان نییە. لە کاتێکدا شارەکانی کوردستان لە خوێن و ناڕەزایەتیدا دەخنکان، هیچ هاوسۆزی و پشتیوانی لە شارەکانی ناوەڕاستی ئێراندا نەبوو. ئەم بێدەنگییە بەڕێکەوت نەبووە؛ بەڵکو رەگ و ریشەی لە پێکهاتەی سیاسی و کولتووری سەد  ساڵەی ئێراندا هەیە. لەم پێکهاتەیەدا “نەتەوەی ئێران” بە فارس دەناسرێتەوە و زمان و کولتووری فارسی وەک پێوەرێکی شوناس سەپێنراون. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە بێباکی زۆرینەی خەڵکی فارس زمان بووە لە چارەنووسی نەتەوەکانی تر، هەر لە کورد و بەلووچیەوە تا عەرەب و تورکمان-کاسپی و ئازەری. ئەم بێباکییە تەنیا یەک مانای هەیە: *ئێرانی بوون شوناسێکی سەپێنراوە.* نەتەوەی کورد هەرگیز لە رێگەی سەرکوتی سیاسی، فەرهەنگی و ئابوورییەوە بە "ئێرانی بوون" رازی نەبووە و جیاوازی کاردانەوەکان بەرامبەر بە کوشتنی شوانە و ژینا هێندەی تر روونی کردووەتەوە کە تەنیا کاتێک ئازارەکە دەگاتە ناوەند، دەنگی ناڕەزایەتی گشتی شێوە دەگرێت و وانەیەکی مێژوویی بۆ غەیرە فارس دەمێنێتەوە گەلان. نابێ چارەنووسی خۆمان بە هاوپشتیی ناوەندگەرانەوە ببەستینەوە. تەنیا بە پشتبەستن بە هێزی خۆمان، هاودەنگی لە نێوان گەلانی غەیرە فارسدا دەتوانین ئازادی و یەکسانی بەدەست بهێنین.

2 مانگ و 5 ڕۆژ و 3 کاتژمێر و 13 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

لێکدانەوەی دوو بزوتنەوە شوانە و ژینا – دوو کاردانەوە

لێکدانەوەی دوو بزوتنەوە شوانە و ژینا – دوو کاردانەوە

ڕووداو 24


 ڕووداو ٢٤ له له‌لایه‌ن ئاوات ئیبرایمی پێشنیاری دامه‌زراندنی کراو و دواتر به کردار دروستکرا و ده‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌ری بۆ دروستکراوه، که خۆبه‌خشه‌کان له چه‌ندین شوێنی جیهان کار ده‌که‌ن. ڕووداو له شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دروستکرا، بۆ ئه‌وه‌ی جینۆسایدی ڕژێمی ئێران دژ به کورد به دنیا بناسێنێ.

 

 

په‌یوه‌ندی


ده‌‌‌سته‌‌‌ی به‌‌‌ڕێوبه‌‌‌ری ڕووداو ٢٤
[email protected]

ڕێکلام
[email protected]

ناورد و بڵاوکردنه‌‌‌وه‌‌‌ی هه‌‌‌وڵ

[email protected]

به‌‌‌شی په‌‌‌یوه‌‌‌ندیه‌‌‌کان

[email protected]

0046708435423

ئه‌په‌کانی ڕووداو 24


ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌ینی ئەندرۆید ، (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی ئایفۆن،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی ویندۆز،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی لینوکس،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)