دیداری سەرۆکی پ س ک لەگەڵ دیسکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج
دیداری سەرۆکی پ س ک لەگەڵ دیسکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج
لە درێژەی چالاکییە سیاسی و دێپڵۆماتیەکانی بەڕێز عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. لە ڕێکەوتی٢٨ / ١١ / ٢٠ ٢٢، دیدارێکی تایبەت لە دیسکی خۆرهەلاتی ناوەڕاست و بەشی ئێرانی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج بۆ ڕێکخرابوو. کە لە لایەن ستافی ئەو بەشەوە بە گەرمی پێشوازیکران.
سەرۆکی پ س ک بە یاوەری ڕاوێژکاری بەشی نێودەوڵەتی، لەو دیدارەدا چەندین خاڵی گرنگ و هەنووکەیان ئاراستەی لایەنی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج کرد. لە نێو باسەکەیاندا هێندێک پێشنیار و داواکاری تایبەت بە هەڵویستی وڵاتی نەرویج بوو، لە پێوەندی بەو شۆڕشەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. لە ئەگەری ڕوخان یا گۆڕانکاری لەو ڕێژیمیەدا، چۆنیەتی لە بەر چاوگرتنی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد وگەلانی دیکەی بندەست.
هەروەها بەرێز باوەجانی باسی لە هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەو بارەگای لایەنە سیاسییەکان و پێشێلکارییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کرد، و ئاماژەی بە هێنانی هێزی زۆر بۆ سەر سنوورەکان و بەردەوام بوونیان لەو هەڕەشانە کرد.
هەر لەو دیدارە یەککاتژمێرییەدا، چەندین بابەتی دیکە دوو لایەنە شڕۆڤەی لە سەرکرا، یا وەک پرسیار ئاراستەی سەرۆکی پ س ک دەکران، و وڵام دەدرانەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
٢٩ / ١١ / ٢٠ ٢٢
تێ بی نی: لە سەر داوای لایەنی خانەخۆی ناو وێنەیان بڵاونەکراوەتەوە.