ڕاگەیەندراو بە بۆنەی بەڕێوەچوونی پێنجەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دهقی ڕاگهیاندراوهکهی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، ٢٥ و ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاویدا پلینۆمی پێنجەمی خۆی بەڕێوە برد
پلینۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کە بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و جێگری کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوە چوو، بارودۆخی ئێستای ئێران و سیناریۆ و ئەگەرەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی، دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد و هەروەها چەند بابەتێکی نێوخۆیی و دەروونتەشکیلاتیی حیزبی هەڵسەنگاند و بڕیاری پێویستی لەسەر کۆمەڵێک ئەرک و پڕۆژەی حیزبی دا.
پلینۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندی بە دەقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە یاد و خەباتی شەهیدانی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد. لە بڕگەی یەکەمی کاری پلینۆمدا کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لێکدانەوەیەکی سیاسیی ورد و فرەڕەهەندی لەسەر دۆخی گشتیی ئێران پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و ڕۆژەڤی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتیی ئێستای ئێران و کوردستان کرد و بەشدارانی پلینۆمیش بە هێنانەبەرباسی ڕاوبۆچوونی خۆیان لێکدانەوەی سکرتێری گشتیی حیزبیان دەوڵەمەندتر کرد.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ەوە بەرزەفڕییە ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی هەرەسیان هێناوە، شکستی نیزامیی حەماس و حیزبوڵڵا و گۆڕینی ڕێژیمی سیاسی لە سووریە و لاوازبوونی میلیشیا نیابەتییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی وەک قووڵایی ستراتیژیکی ئێران پێگەی ڕێژیم لە هاوکێشە ناوچەییەکانی بەرەو داڕمان بردوە و شکستی نیزامی و ئەمنییەتی لە شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسڕائیلیش ئەم ڕێژیمەی لە لێوارەکانی ڕووخان و نەمان نیزیکتر لە هەر کاتێک کردوە. پلینۆم لەو بەشە لە لێکدانەوەکانی خۆیدا هاتەسەر ئەو بابەتە کە سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای هەناردەی شۆڕش لەپێناو پێکهێنانی ئیمپراتۆریی شیعەی سیاسی بە سەرۆکایەتیی وەلیی فەقیهـ دامەزرا؛ زیاتر لە چەند تریلیۆن دۆلار لە سامانی وڵات لەبری تەرخانکرانی بۆ کەرتەکانی وەبەرهێنان، فێرکردن، تەندروستی، گەشە و ئاوەدانیی وڵات بۆ تێچووەکانی دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتومی و پەرەدانی مووشەکی و تەیارکردنی هێزە نیابەتییەکان لە ناوچەدا بەفیڕۆ دا و هەر ئەوەش سەرچاوەی هەموو کێشە و قەیرانە ئابووری، سیاسییەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانە.