ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی (رووداو 24)
ڕووداو٢٤،ڕابردوو،ئێستا،داهاتوو
         

راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی گشتیی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی گشتیی  کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
مەنسوور تەها

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەر، دانیشتنی گشتیی و بەربڵاوی خۆی بەڕێوەبرد.لەم کۆبوونەوەدا کە تێکڕای ئەندامانی کومیتەی ناوەندی و جێگرەکانیان بەشدار بوون، پرس و ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کوردستان، ئێران، ناوچەکە و هەروەها باس و بابەتگەلی تایبەت بە پرسی ناوەند و ئورگانەکانی حیزب گەنگەشەیان لەسەر کرا.
کۆبوونەوەکە بە چەند چرکەیەک بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن لە یاد و ناوی هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان، ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیسیونی نیزامیی کۆمەڵە کە لە تێکهەڵچوونێکدا لە گەڵ هێزەکانی ڕژیم لە ڕۆژی ٢٩ی خەرمانان گیانی ئازیزی بەخت کرد، دەستیپێکرد.
کۆبوونەوەکە سەرەتا چۆنییەتی ڕووداوی تێکهەڵچوون و گیانبەختکردنی هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان(دارسێران)ی خستە بەرباس.کاردانەوە ئەرێنییەکان لەسەر ئەم ڕووداوە و هاوهەڵوێستی و سۆزی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ گیانبەختکردنی فەرماندەیەک کە سەرەڕای بارودۆخی هەستیار، سوورە لەسەر ئەوەیکە هاندەر و پێشسواری بەردەوامیی ئامانجەکانی کۆمەڵە و خەباتی گەلەکەی بێت، لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا بەڕوونی دیارن. پەیامگەلێکی بەرفراوان لە پاڵپشتی و هاوهەڵوێستی لە گەڵ کۆمەڵە و لە ڕێزگرتن لە یادی هاوڕی ڕێبوار و بەڕێوەچوونی دوو ڕێوڕەسمی شیاو لە کوردستان و لە ئاڵمان دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان سەرەڕای فشار و هەڕەشە و هێرشەکانی ڕژیم دەبێت دەور و نەقش و ئەرکی خۆیان بەجێبێنن.
لە دانیشتنەکەدا هەڵسوکەوت و ھەڵوێستی ڕێبەری و کادر و ئەندامەکانی کۆمەڵەی لەم ڕووداوەدا، بە دروست و بەرپرسیارانە ناولێبراو وەک نموونەیەک کە لە کاری گشتیدا دەبێ ببێتە پارادایمێکی هزری جەختی لەسەرکرایەوە.
باسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە لێکدانەوەی هەلومەرجی سیاسیی کوردستان و دۆخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەکەی بوو. کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پاش تێپەڕینی ٤٥ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی ڕژیم و سەرەڕای سەرکوتی بەردەوام و میلیتاریزەکردنی کوردستان، جەماوەری خەڵک پێداگر ڕاوەستاوە و زۆریش یەکگرتووتر بووە. کوردستان بۆتە سەنگەر و سەکۆی خەبات دژی ڕژیم و پاش تێپەڕینی ماوەیەکی دوورودرێژ لە بەرگری و شەڕ و داهێنانە مەدەنی و سیاسییە خەڵکییەکان کە هەرجارە و بە بەشداریی زیاتری خەڵک بەردەوام بووە، بە گرێدان بە شۆڕشی ژیناوە پێینایە هەلومەرجێکی شیاوتریشەوە، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بۆ پەراوێز خستنی، دەیانساڵ بە هەموو هێزی ئابووری و میدیایی و سەرکوتی خۆیەوە پیلانی بۆ داڕشتووە. مانگرتنی یەکگرتووانەی خەڵکی کوردستان لە دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا لە ٢٥ی خەرمانان نیشانیدا کە بزووتنەوەی کوردستان بەردەوام پتەو و راوەستاوە و یەکگرتووە.
فشار و سەرکوتەکانی ڕژیم، لەسێدارەدانی رەزا ڕەسایی، خەباتکارێکی کوردی یارسانی و سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی، زیاترمیلیتاریزە کردنی ناوچەکە، هێرش بۆ سەر حیزبەکانی کوردستان و بەستنی پەیماننامەی ئەمنی لە گەڵ حکومەتی عێراق بۆ بەرتەسک کردنەوەی چالاکیی و خەباتی حیزبەکان، وەکوو دوایین ھەوڵەکانی ڕژیم لەم دواییانەدا بوون کە هیچیان نەیانتوانیوە ئەو کاریگەرییەیان هەبێت کە ڕژیم چاوەڕوانی دەکرد.
کوردستان لەم ساڵانەدا نەک هەر توانیویە پێگەی خۆی بپارێزێ بەڵکوو بۆتە جەمسەرێکی گرنگ و نمونەیەک بۆ خەبات و خرۆشانی جەماوەریی دژی کۆماری ئیسلامی و هۆکاری ترس و تۆقینی زیاتری دەسەڵاتدارەکانی ڕژیم کە هۆکارەکانی چڕکردنەوەی تایبەتی سەرکوتی کوردستان و بەردەوامیی دژایەتییەکانی دەرخەری ئەم ڕاستییانەن. بە تایبەت لە بارودۆخی لەرزۆکی هەنووکەیی کە هەمووان چارەنووسی ڕژیم لە تارماییەکی تاریکدا دەبینن، جێگە و پێگەی کوردستان و بارودۆخە سیاسییەکەی گرنگییەکەی بەرچاوی پەیدا کردووە.
کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی ڕێزی لە بەشداریی پڕشکۆی خەڵکی کوردستان لە ساڵی دووهەمی شۆڕشی ژینا لە مانگرتنی سەرکەوتووانەیدا گرت و هاوکات ئاماژەی بەم ڕاستییە کرد کە سەرەڕای داخوازی و خواستی گشتیی خەڵکی کوردستان بۆ یەکیەتی و هاوکاری و پێکهێنانی ژێدەریکی سیاسیی لە لایەن حیزبەکانەوە،بەداخەوە نەمانتوانی بانگەوازێکی هاوبەش دەربکەین.
ئەمە ڕاستییە و دوورکەوتنەوەی حیزبەکان لە یەکتر و نەبوونی ژێدەریکی هاوبەش،خاڵیی لاوازی بنەڕەتیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانە. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەوڵی چڕوپڕ و دڵسۆزانەی لەم پێوەندییەدا داوە و لە جموجۆڵەکانی لەم بوارەدا بەردەوام دەبێت تا حیزبە کوردستانییەکان لە هاوپەیمانییەکی پتەو و بنەڕەتی و دێموکراتیک پێکەوە کۆ دەبنەوە کە ئەم داخوازیی لەمێژینە و پێویستەی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکرێت. کۆمەڵەی بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی هیچ بەربەست و پێشمەرجێکی نییە و خوازیاری بەشداریی هەموو حیزبەکانی کوردستان لە وەها هاوپەیمانییەکدایە کە دەتوانێت خێرا ببێتە سەرچاوەی سیاسی و ڕێبەریی بزووتنەوەی کوردستان.
دانیشتنی کومیتەی ناوەندی لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە جیهان چاوی بڕیوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی بەربڵاو و گشتگیر لە ئان و ساتدایە کە دەتوانێت بەردەوام بەربڵاوتر بێتەوە و سنووری شەڕەکە گەورەتر بێت. زلهێزەکان جموجۆڵی ئەوەیانە کە لە داهاتووی ئەم ناوچە بەش و جێگەی خۆیان مسۆگەر بکەن.
سیاسەتە شەڕخوازانەکانی کۆماریی ئیسلامی بە هەناردەکردنی شۆڕشەکەیەوە و بەربڵاوکردنەوە هیلالی شیعییەکەیەوە بەربەستیان بۆ دروست کراوە و لە نێوان دووکەڵ و ئاگر و وێرانییەکی زۆردا چۆکیان داداوە و ئێستاش هەموو هەوڵێکی سەرشۆڕانەی ئەم ڕژیمە هار و دڕندەیە دوور کردنەوەی شەڕەکە لە خۆی و سات و سەودایە لە سەر هێزە میلیشیا بەکرێگیراوەکانی خۆیدا کە لە دەیانساڵی ڕابردوودا دەیان میلیارد دۆلار و بەشیکی بەرچاو لە هێزە مرۆییەکانیی خۆی بۆ ڕێکخستن و بەهێزکردنییان کردۆتە قوربانی.
لە قووڵایی کۆمەڵگەی لوبنان و غەززە کە بڕوایان بە کۆماری ئیسلامی کردبوو، شک و گومان لە خەیانەتی کۆماری ئیسلامی و فرۆشتنی حیزبوڵا و حەماس و ئەوانی دیکە زیاتر و زیاتر دەبێت.
کۆماری ئیسلامی بە هێڕشی مووشەکیی رۆژی ٣ی ئۆکتۆبر بۆ سەر ئیسرائیل بە فەرمی و ڕاستەوخۆ چۆتە نێو شەڕێکی یەکلاکەرەوە کە بەر لە هەمووان خۆی لە ئاکامەکەی تۆقیوە و تووشی سەرلێشێواوی بووە.
شەڕنانەوەی ڕژیم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتاییەکی نییە. هەر لە یەکەم چرکەکانی دانانی بناغەی ئەم سیستمە سەرکوتگەر و فاشیستە مەزهەبییەی کۆماری ئیسلامیی بە هەناردەکردنی ئینقلابی ئیسلامی(هەناردنی کۆنەپەرەستی و تێرۆریزم و شەڕ و دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکە) شەڕ و خوێنڕشتن بونیاد نرا و ٤٥ ساڵی ڕابردوو بکەر و پلان‌دانەری سەرەکیی هەرچەشنە ئاڵۆزییەکی ناوچەیی بووە. ئەمە ڕاستییەکە کە سەرچاوگەی شەڕی هەنووکەیی کە ڕژیمی بە شێوەیەکی جیددی و بێ وێنە تووشی کێشە و سەرشۆڕی و تۆقین لە روخان کردووە شەڕی ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبری پارەکەیە کە حەماس و حیزبوڵا بە ئامادەبوون و ئیمکاناتی ئابووری و سەربازیی ئاشکرای کۆماری ئیسلامییەوە بە دڵڕەقییەکی کەم وێنەوە و کوشنی شارۆمەندانی مەدەنی و هێرش بۆسەر فستیواڵێکی مووسیقی، شەڕێکیان داگیرساند کە هەنووکە هەڵگیرسێنەرانی ئەو شەڕە لەبەرچاوی دونیاوە تووشی داماوی و شکست بوون و لێک دابڕاون. ڕژیمی ئیسلامی چارەنووسی خۆ بەم شەڕخوازییە و سات و سەوداوە گرێ داوە بەڵام ئەمجارە هەلێ ئەوەی نەماوە جارێکی دیکە جامی ژاریش بخواتەوە.
کۆمەڵگەی ئێران بەستێنی شۆڕش و هەستانەوە و خرۆشی جەماوەریی بەهێز و بەربڵاوی تێدایە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە سەرهەڵدانە جەماوەرییەکان و بە دانپدانانی بەرپرسانی ڕژیم، کۆماری ئیسلامی خستۆتە لەرزین.
کۆمەڵگەیەکی ٨٠ ملیۆن کەسییان خستۆتە دۆخێ نالەباری هەژاری و بێکاری و قەیرانی قووڵ و بێ چارەسەری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوخۆ، قەیرانی تێرۆر و شەڕ و بەهێزکردن و ڕیکخستنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا کە چیدیکەش ناتوانێ بە نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و تێچووی سەرسووڕهێنەرەوە (لە سەرمایەی خەڵکی ئێران) بۆ ئامانجە شەڕخوازانەکانی، تێرۆریزم و بارمتەگرتن و تێچووی سەدان هەزار هێزی چەکداری بەکرێگیراوی ئەو ڕژیمە لە ناوچەکەدا خەرج بکات.
ناڕەزاییەکانی کۆمەڵگەی ئێران و داخوازیی چین و توێژە جیاوازەکان و نەتەوەکان بۆ ئازادی و ڕزگاری هەر ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ. کرێکاران بە زنجیرە مانگرتنەکانیان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان، ژنان کە تابووی کۆماری ئیسلامییان شکاندووە و نەتەوەکان کە چیدیکە ناچنە ژێرباری داگیرکاریی و میلیتاریستی بوونی وڵاتەکانیان و سەرکوت بکرێن، لاوەکان و هەمەوو چین و توێژەکانی دیکە لە یەکگرتووییەکی نەنووسراودا تێدەکۆشن کە چارەی شەڕی ئەم ڕژیمە لەسەر ژیان و داهاتوو و چارەنووسیان بسڕنەوە.
کۆمەڵە لەم هەلومەرجە ئاڵۆز و شێواو و پڕ لە گۆڕانکاریی هەنووکەییدا کە دەنگ و ئامادەبوونی جێگرەوە "سەردەستەکان"بەرزتر و بەرچاوتر بووە، تێدەکۆشی کە پشتگەرمی و ئامادەبوونی جێگرەوەی جەماوەری و خەڵکی، دادپەروەرانە و دێموکراتیک بە بەشداریی ڕاستەوخۆی کرێکاران، ژنان و نەتەوە بندەستەکان ڕێڕەوی ئالۆگۆڕە سیاسییەکان بنەخشێنێ و پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە جێگای چەندپات کردنەوەی سناریۆکانی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو و چەوساندنەوەی خەڵک و چارەنووسی ئەوان و سەرکوتی نەتەوەکان، دادپەروەری بۆ کرێکاران و یەکسانی بۆ ژنان و دێموکراسی لە کۆمەڵگە و دەستەبەربوونی مافی نەتەوەکان مەرجی پێکهێنانی هەر هاوپەیمانی و ئەکتەرێکی سیاسی بێت.
بەشی دووهەمی کۆبوونەوەکەی کومیتەی ناوەندی پەڕژایە سەر لێکدانەوەی بەشێک لە پرس و بابەتگەلی حیزبی و چەند چوارچێوەیەک کە لە هەلومەرجی هەنووکەییدا دەبێت سەرنجی قووڵتریان بخرێتە سەر.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣
٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤
8 ڕۆژ و 11 کاتژمێر و 58 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی گشتیی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی گشتیی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ڕووداو 24


به‌‌‌ ڕێنوێنی به‌‌‌شێک له‌‌‌ ڕۆژنامه‌‌‌نووسانی سه‌‌‌ربه‌‌‌خۆ و چالاکڤانانی تێکۆشه‌‌‌ر، بڕیاردرا که‌‌‌ تۆڕی میدیایی ڕوداو٢٤ له‌‌‌مڕۆوه‌‌‌ ٥ی خه‌‌‌زه‌‌‌ڵوه‌‌‌ری ساڵی ٢٧٢٢ ده‌‌‌ست به‌‌‌ بڵاوکردنه‌‌‌وه‌‌‌ی هه‌‌‌واڵ و زانیاری له‌‌‌سه‌‌‌ر ڕاپه‌‌‌ڕینه‌‌‌کان بڵاو بکاته‌‌‌وه‌‌‌ و ببێته‌‌‌ ده‌‌‌نگ و ڕه‌‌‌نگی جه‌‌‌ماوه‌‌‌ری ڕۆژهه‌‌‌ڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان و ڕۆژئاواو  باوکوری کوردستان بێت به‌‌‌بێ جیاوازی فکری و سیاسی.....

ده‌‌‌سته‌‌‌ی دامه‌‌‌زراندنی تۆڕی میدیایی ڕووداو ٢٤

 

 

په‌یوه‌ندی


ده‌‌‌سته‌‌‌ی به‌‌‌ڕێوبه‌‌‌ری ڕووداو ٢٤
[email protected]

ڕێکلام
[email protected]

ناورد و بڵاوکردنه‌‌‌وه‌‌‌ی هه‌‌‌وڵ

[email protected]

به‌‌‌شی په‌‌‌یوه‌‌‌ندیه‌‌‌کان

[email protected]

ئه‌په‌کانی ڕووداو 24


ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌ینی شه‌‌‌ندرۆید ، (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی ئایفۆن،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی ویندۆز،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی لینوکس،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)