کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ساڵهاتی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی ساڵی 1398 ی هەتاوی ڕاگهیاندراوێکی بڵاوکردهوه
دهقی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
بەبۆنەی ساڵهاتی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی ساڵی 1398 ی هەتاوی
سێ ساڵ لەوەپێش لە وەها رۆژانێکدا ئاخێزی جەماوەری دژبە گران بوونی سوتەمەنی لە لایەن جەنایەتکارانی دەسەڵاتدارەوە خەڵتانی خوێن کرا.
ئەگەرچی ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ بە کوشتاری بێ بەزەییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەیەک دامرکایەوه، بەڵام خوینی به ناحەق ڕژاوی خەڵکی شۆڕشگیر به فیڕو نەچوو و شۆڕشێکی بەردەوام و به ئاسۆی ڕوونترەوەی لێکەوتەوە. لەوکاتەدا هیزەکانی ڕژیم بە فەرمانی خامنەیی و سەرانی جەنایەتکاری سپای پاسداران بە تەقەی ڕاستەخۆ ڕوو له جەماوەری خوپیشاندەر کە بە دەستی بەتاڵ بەرەو رووی هێزەکانی ڕژیم ببوونەوە بوونه هۆی گیان بەختکردنی ١٥٠ ٠ کەس . یاد و بیرەوەری ئەو ئاخێزە شکۆدارە و یادی گیانبەختکردوانی بوێر و سەربەرزی بەرز و بەرێز بێت.
بۆدرێژەدان بە ئاخێزی جەماوەری مانگی خەزەڵوەری 1398، ئەمڕۆکه ژنانی بوێر، لاوانی جەسور، خوێندکارانی وشیار، خویندکارانی زانکۆکان، هونەرمەندان و ناودارانی خوشەویستی خەڵک ، کۆمەڵێک بانگەوازیان بۆ یادکردنەوەی شکوداری ئاخێزی مانگی خەزەڵوەری 98 بڵاو کردۆتەوە . ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم بانگەوازانە ڕادەگەیەنین و بەشداری کردن لەم حەرەکەتە شۆڕشگێڕانەی به ئامانجی پەرەدان و بەرین کردنەوەی ئەم شۆڕشەی ئێستا لە ئارادایە، گەلێک بە کاریگەر دەزانین.
هێزی کۆنەپارێزی دەسەڵاتدار، تەنیا بە هێنانه مەیدانی بەرینترین هێز خۆڕاگری هێزە چەکدارەکانی تێکدەشکێندرێت و پاشەکشەی پێدەکرێت و سەرئەنجام شۆڕشی کۆمەڵایەتی له ئێران بە ئاکام ده گات. پەرەسەندنی مانگرتنە کرێکاریەکان، مانگرتنی بازاڕ، خۆپیشاندانی بەرین، نەدانی قەبزی ئاو و بەرق و گاز، وەک ئەوەی شوڕای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفیەکانی مامۆستایان داوایان کردوە، لەو کردارانەیە کە دەتوانێ بەشێکی هەرچی زیاتر لە خەڵک بێنێتە نێو گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانەوە.
ئاشکرایە که بەرەی شۆڕش هیشتا هەموو هێزەکانی خۆی نەهێناوەتە مەیدان. گرتنەبەری تاکتیکی دروست و هینانه گۆڕی دروشمی کاریگەر دەتوانێ هێزی گەلێک زیاتر بێنێتە نێو مەیدان.
لەم ناوەدا" زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت"، یەکێک لە سەرەکی ترینی ئەو دروشمانەیه کە دەتوانێ بزوتنەوەکە بەرینتر بکاتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو تا ڕێکەوتی ١٩ ی مانگی خەزەڵوەر لانی کەم ١٥ هەزار کەس گیراون و خراونەتە ژێر ئەشکەنجەوە و ژمارەیەکیان بەرەو ڕووی مەترسی سزای ئێعدام بوونەتەوە. هەر بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئینسان کوژەکان تا ئێستا بۆنەتە هۆی گیانبەختکردنی ٥ کەس له دەستبەسەرکراوان. ئەم ڕاستیە گرنگی ئەو دروشمە و پشتیوانی کردن لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی چەند قات کردوە.
بەرزوبەڕیز بێت یادی گیانبەخت کردوانی ئاخێزی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨
سەرکەوێ شۆرشی ١٤٠ ١ ی ئێران
بڕوخێ کۆماری ئیسلامی
بژی سۆسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران
٢٤ ی خەزەڵوەری ١٤٠ ١