یەکگرتوویی نەتەوەیی و گوتاری هاوبەش کلیلی سەرکەوتنی دۆزی کوردە
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان
ڕگەیەندراوی
یەکگرتوویی نەتەوەیی و گوتاری هاوبەش کلیلی سەرکەوتنی دۆزی کوردە
لە کاتێکدا ناوچەکە و جیهان بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریی سیاسی و جیۆپۆلەتیکیدا تێدەپەڕێت، پرسی کورد وەک پرسێکی ڕەوا و دیموکراسی، پێویستی بە تێڕوانینێکی نوێ و هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەیە.
ئێمە لە بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان، لەسەر ئەو بڕوایەین کە ناسنامەی نەتەوەییمان سنوورە دەستکردەکان ناناسێت و ئازار و ئومێدی هەر پارچەیەکی کوردستان، ئازار و ئومێدی هەمووانە.
پشتیوانی بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئیرادە پۆڵایینەکەی و ڕۆژئاوای کوردستان بە بەرخۆدانە مێژووییەکەی، دوو کۆڵەکەی سەرەکین لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان، پشتیوانی بێشوماری خۆی بۆ خوشک و براکانمان لەو دوو بەشەی نیشتمان دوپات دەکاتەوە. ئێمە پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا و پاڵپشتیکردنی بزووتنەوە مەدەنی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە ئەرکێکی باڵای نەتەوەیی دەزانین.
تەنها لە ڕێگەی هاوهەڵوێستی یەکخستنی ناوماڵی کوردییەوە دەتوانین ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە کە دەیانەوێت ناسنامەی بسڕنەوە .
هەوڵە دیپلۆماتی و ڕێکخراوەییەکان
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کارنامەیەکی چڕی دیپلۆماتی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی دەنگی مەزڵوومییەتی کورد و داوا ڕەواکانی بگەیەنێتە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان. ئێمە لە ڕێگەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندە دیپلۆماتییەکان،
کار دەکەین بۆ ئەوەی پرسی کورد وەک کێشەیەکی سیاسی و نەتەوەیی و مرۆیی لە کارنامەی جیهاندا بە زیندوویی بمێنێتەوە.
لە ناوخۆشدا، بە ڕێکخستنی هاودیدانی هۆشیار و نیشتمانپەروەر، خەریکی بونیادنانی ژێرخانێکی ڕێکخراوەیی تۆکمەین کە بتوانێت خزمەت بە ئامانجە نەتەوەییەکان بکات و بەردەوامی بە خۆپیشاندان بدەین تا چەسپاندنی مافە ڕەواکانمان .
ڕۆڵی میدیا ی بزووتنەوەی ئایندە
لە سەردەمی شۆڕشی زانیاریدا، میدیا تەنها ئامرازێکی گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو چەکێکی کاریگەرە بۆ بەرگری لە مافەکان. بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە میدیا دەدات وەک سەکۆیەک بۆ "نیشتمانی کردنی گوتار". میدیاکانی ئێمە پابەند کراون کە دەنگی یەکگرتووی کورد بن،
دوور لە بەرژەوەندی تەسک و حزبی. ئێمە دەمانەوێت میدیا ببێتە شوێنی لێکنزیکبوونەوەی دیدگا جیاوازەکان و گەیاندنی ڕاستییەکانی کوردستان بە جیهانی دەرەوە، تا هەمووان بزانن کە کورد یەک ئامانج و یەک خەونی هەیە، ئەویش ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانەیە.
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان بەڵێن دەدات کە هەمیشە وەک هێزێکی داینەمۆ و پشتیوان بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان بمێنێتەوە. ئایندەی ئێمە لە یەکگرتوویماندایە و بەیەکەوە مێژووێکی پڕ لە سەروەری بۆ نەوەکانی داهاتوو دەنووسینەوە.
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلی کورد
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان