سوریا و هەسەدە لەژێر چاودێری ئەمریکادا دەگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان
سوریا و هەسەدە لەژێر چاودێری ئەمریکادا دەگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان
دووبارە دانوستانەکانی هەسەدە و حکومەتی کاتیی سوریا دەستیپێکردووە. تەوەرەی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە بریتیە لە دیاریکردنی وردەکارییەکانی چۆنیەتی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندیدا.
بەرپرسێکی سووری بۆ رۆیتەرز ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم کۆبوونەوەیە بە "پشتیوانی ئەمریکا" بەڕێوە دەچێت.
واشنتن ئێستا ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت لە نێوان هەسەدە، کە هاوپەیمانی دێرینی بوو، و حکومەتی شەرع کە ئێستا وەک هاوبەشێکی پەسەندکراو تەماشای دەکات، تاوەکو بگەنە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و چارەسەری سیاسی.
سوپای سووریا لە دەوروبەری ئەو شارانەی لەژێر دەستی کورددان کۆبووەتەوە و شەڕڤانانی هەسەدەیش خەریکی توندکردنی هێڵە بەرگرییەکانیانن.
لەگەڵ ئەوەی ئاگربەست تاوەکو 8ی شوبات درێژکراوەتەوە، بەڵام هێشتا ترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕ بەسەر دانوستانەکاندا دەبینرێت.