سوپای سوریا داوای چۆڵکردنی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەکات
سوپای سوریا داوای چۆڵکردنی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەکات
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا لە پەیامێکی تونددا ڕایگەیاند، تەواوی پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، بە "ئامانجی شەرعی و سەربازی" دادەنێن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "سانا"ی فەرمیی سووریا، سوپا هەسەدە بە ئەنجامدانی "کۆمەڵکوژی" دژ بە هاووڵاتییانی مەدەنی تۆمەتبار دەکات و داوا لە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە دەکات، دەستبەجێ لە پێگەکانی هەسەدە دوور بکەنەوە.
سوپای سووریا وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی فراوان، دوو ڕێڕەوی مرۆیی بە ناوەکانی (دەروازەی العوارز و دەروازەی شەقامی ئەلزهوور) تاوەکوو کاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ دیاری کردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ناوچەکە چۆڵ بکەن.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، وەک دوو ناوچەی نیمچە سەربەخۆ لەژێر دەسەڵاتی کورددا ماونەتەوە. دەستەواژەی "ئامانجی شەرعی" لە فەرهەنگی سەربازیی سووریادا بە واتای دەسپێکردنی بۆردومانی چڕ و هێرشی زەمینی دێت.
دیاریکردنی کات و ڕێڕەوی مرۆیی، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە دیمەشق بڕیاری کۆتایی داوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو گەڕەکانە بە زەبری هێز، ئەمەش ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی ماڵماڵ و کارەساتێکی مرۆیی گەورە لەناو شاری حەلەب زیاد دەکات.