بەم زوانە گۆڕانکارییەکانی ئێران لە ناوخۆی وڵاتەکەوە ڕوودەدەن
بەم زوانە گۆڕانکارییەکانی ئێران لە ناوخۆی وڵاتەکەوە ڕوودەدەن
بنیامین ناتانیاهۆ لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکسنیوزی ئەمریکی ڕایگەیاند بەم زوانە گۆڕانکارییەکانی ئێران لە ناوخۆی وڵاتەکەوە ڕوودەدەن.
ناتانیاهۆ لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێت دەرەنجامی سەرکوتکارییەکانی حکومەتە و وتی: "هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە ئێران، بە ویستی خەڵکەکە خۆی گرێدراوە".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی توندیشی دایە تاران لە ئەگەری هەر هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر وڵاتەکەی و وتی: "ئەگەر هەر جۆرە مووشەکێک ئاراستەی ئیسرائیل بکرێت، وەڵامێکی زۆر وێرانکەرمان دەبێت".
جەختی لەوەش کردەوە کە دەسەڵاتی ئایەتوڵاکان داهاتووی گەشی گەلی ئێرانیان دزیوە و داهاتی وڵاتیان لەبری ئاو و کارەبا، لە پڕۆژەی ئەتۆمی و گرووپە تیرۆریستییەکاندا خەرج کردووە.
ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و تێل ئەڤیڤ گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست.
ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام هۆشداریی لە مەترسییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران داوە و چەندین جار بنکە و بارەگاکانی گرووپە لایەنگرەکانی ئێرانی لە سوریا و لوبنان کردووەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا ئێران جەخت لەسەر مافی خۆی بۆ پەرەپێدانی توانای بەرگری دەکاتەوە.