سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەستی لەکار کێشایەوە
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەستی لەکار کێشایەوە
لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی و بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی دراوە بیانییەکان لە ئێران سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە دەستی لەکار کێشایەوە و بەرپرسانی حکوومەتیش زانیاریی دژبەیەک لەبارەی چارەنووسییەوە بڵاو دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی 12ی 2025، محەمەد مەهدی تەباتەبایی، جێگری پەیوەندییەکانی نووسینگەی مەسعوود پزیشکیان ڕایگەیاند، محەمەدڕەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران
دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە و ئەگەری هەیە سەرۆککۆمار پەسەندی بکات، ئاماژەی بەوەش دا: "ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی نرخی دراو مەرج نییە تەنیا گۆڕینی سەرۆکی بانک بێت، بەڵکو بەشێکی پەیوەستە بە دۆخی ئابووریی وڵات و هیجاناتی بازاڕەوە."
چەند خولەکێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، میدیا فەرمییەکان زانیاریی جیاوازیان بڵاو کردەوە؛ ئاژانسی (مێهر) دەڵێت دەستلەکارکێشانەوەکە هی ناوەڕاستی مانگی ڕابردووە و شتێکی نوێ نییە، هاوکات ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە داوە کە فەرزین ئەمڕۆ بەشداریی کۆبوونەوەی تیمی ئابووریی حکوومەتی کردووە.
لای خۆیەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە گوایە سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکە بڕیاری مانەوەی فەرزینیان دابێت و جەختی کردەوە کە ئەوە تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆککۆماردایە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە بەهۆی گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سووربوونی تاران لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی، بەهای دراوی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و دۆخێکی ناسەقامگیر ڕووی لە بازاڕەکان کردووە.