سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە ئاشکرا سوپاسی گرووپە چەکدارەکان دەکات
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە ئاشکرا سوپاسی گرووپە چەکدارەکان دەکات
جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕایگهیاند، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بە ئاشکرا سوپاسی گرووپە چەکدارەکانی کرد، بەرامبەر بە ڕاگەیەندراوەکەیان سەبارەت بە چەکدانانیان
ماوەیەکە ژمارەیەک لە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە ئاشکرا و خۆیان داوای هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکەن،
ئەوەش بە پێشهاتێکی تازە دادەنرێت لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکی دەستی گرووپە چەکدارەکان و خۆگۆڕینی گرووپەکان بۆ پارتی سیاسی و خەباتی پەرلەمانی
راشیگهیاندووه، ئەم زمانە، نە گوزارشت لە ڕەفتاری دامەزراوەیەکی دەوڵەتی دەکات و نە گوزارشت لە دادوەرییەکی بێلایەن. بەڵکو بە ڕوونی نیشاندەری بوونی کەناڵێکی پەیوەندی و پەیوەندییەکی بەردەوامە لە نێوان سەرکردایەتی دادوەری و گرووپە میلیشیاکاندا.
ئەندامهكهی کۆنگرێسی ئەمەریکا، ئهوهشی راگهیاندووه، دادوەرییەکی سەربەخۆ، سوپاسی گرووپە چەکدارەکان ناکات بۆ جێبەجێکردنی ئامۆژگارییەکانی، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ چالاکییە سیاسی یان سەربازییەکانیان ناکات. ئەم جۆرە ڕەفتارانە بە تەواوی لە دەرەوەی ڕۆڵی دەستووریی ئەودان.
ئاماژهی بهوهش داوه، ئەم گوتارە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە کێشەکە سەروەری یاسا نییە، بەڵکو تێکەڵبوونی ڕۆڵەکان و هەوڵدانە بۆ ناردنی پەیامی سیاسی لەژێر پۆشەری دادوەریدا. ئەم ڕەفتارە لە مەترسیدارترین هەڕەشەکانە بۆ سەر دادپەروەری و خودی دەوڵەت و تەنیا جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە زۆر کەس پێشتر دەیانزانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە لە پەیامێکدا فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سوپاسی گرووپە چەکدارەکانی کرد کە "گوێیان لە ئامۆژگارییەکەی گرتووە" بە ئامانجی هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت و گواستنەوەیان بۆ کاری سیاسیی، دوای ئەوەی وڵات پێویستی بە کاری سەربازیی نەما.