ناسنامەی یەکێک لە گومانلێکراوانی هێرشەکەی سیدنی ئاشکرا بوو
لە هێرشەکەی کەناری بۆندی 10 کوژراوی لێکەوتۆتەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکانیش هەیە هەروەها 11 کەسی دیکەش برینداربوون کە دووانیان پۆلیسن
ناسنامەی یەکێک لە گومانلێکراوانی هێرشەکەی سیدنی ئاشکرا بوو
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە ئوسترالیا، ناسنامەی یەکێک لەو دوو گومانلێکراوەی ئاشکراکرد کە ئەمڕۆ یەکشەممە، هێرشیانکردە سەر ئاهەنگێکی جولەکەکان لە کەناراوێکی بەناوبانگی نزیک شاری سیدنی.
ئەلێکس ریڤیچین، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاریی جولەکەکانی ئوسترالیا رایگەیاند، تەقەکردنەکە لە کاتی ئاهەنگێکی جەژنی حەنوکا ی جولەکەکاندا رویداوە کە لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا دەستیپێکردبوو.
بەرپرسەکە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەزگای میدیایی ئوسترالیای راگەیاندووە، یەکێک لە چەکدارەکان ناوی نەوید ئەکرەم ە و تەمەنی 24 ساڵە و دانیشتووی ناوچەی بونیریگە لە دەوروبەری سیدنی.
وتیشی، لە ئێستادا ماڵی گومانلێکراوەکە لەلایەن پۆلیسەوە پشکێنراوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، هێرشەکە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجامدراوە، یەکێکیان دەستبەجێ کوژراوە و ئەوی دیکەیان بریندارکراوە و بە سەختی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، روداوەکەی بە "شۆکهێنەر و ترسناک" وەسفکرد و رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری لە شوێنی روداوەکەن و هەوڵی رزگارکردنی گیانی بریندارەکان دەدەن