تایبەتمەندی و دەرئەنجامەکانی بیرکردنەوەی "ئانالۆگ" لە سەردەمی نوێ و جیهانی نوێدا
لە دۆخێکدا کە ژیری دەستکرد و داتا گەورەکان، جیهانی سیاسەت و ڕێوەبەرییان گۆڕیوە، پێداگری لەسەر بیرکردنەوە و ڕێبازی "ئانالۆگ" لە بڕیاردانی سیاسی و پێگەیشتن و دووربینیدا هەندێک تایبەتمەندی و دەرئەنجامی هەیە:
تایبەتمەندیەکانی بیرکردنەوەی ئانالۆگ چین؟
پشت بەستن بە شهوود و ئەزموونی کەسی: بڕیارەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای ئەزموونی کەسیی سەرکردە و سیاسەتمەداران یان پێشبینییە شهوودییەکان دەدرێن، نەک شیکاری ئاماری و بەڵگەی بابەتیی.
پرۆسەی بڕیاردانی خاو: پێکهاتە قورسەکانی بیرۆکراسی و قۆناغە درێژخایەنەکانی بڕیاردان وا دەکات وڵامدانەوەی خێرا و لە کاتی خۆیدا بۆ ئەو پێشهاتە خێرایانەی کە بەهۆی ئامێرەکانی سەردەم دروست دەبن، دوورەدەست بێت.
سنووردارکردن لە شیکاری داتادا: لەبری بەکارهێنانی داتای گەورە و تواناکانی شیکاری داتا لە کاتی ڕاستەقینەدا، ڕاپۆرتە سنووردارەکان، ڕاپرسییە نەریتییەکان و سەرچاوەی زانیاری ئیستاتیک بەس دەبێت.
بەرگیری لە داهێنانە ئەلگۆریتمییەکان: ئامادەنەبوون یان بێتوانایی هەیە بۆ بەکارهێنانی سیستەمی پشتگیری بڕیار لەسەر بنەمای نوێ و مۆدێلی فێربوون بۆ پێشبینیکردن و شیکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
ئایندەبینی هێڵکارانە و سادە: سەیرکردنی داهاتوو لەسەر بنەمای پێشبینی سادە و بەبێ بەکارهێنانی مۆدێل و شیکاری پیچیدەی جیهانی نوێ دادەمەزرێت، کە ڕێگە لە پشکنینی چەندین سیناریۆ و سێناریۆی پیچیدە دەگرێت.
دەرئەنجامەکانی بیرکردنەوەی ئانالۆگ چین؟
کەمبوونەوەی کارامەیی و کارتێکەری: ئەو سیاسەت و بڕیارانەی کە لەسەر بنەمای بەڵگەی ورد و شیکاری قووڵی داتا-بزوێنەر نین، بەزۆری دوورن لە واقیعەکانی ئێستا و لە ئەنجامدا شکست دەهێنن لە جێبەجێکردن، یان ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان بەدەست ناهێنن.
لاوازی لە توانای کێبڕکێی ستراتیژیکدا: ئەو وڵات و ڕێکخراو و حیزب و حکوومەتانەی کە لە هێز و ئامێری جیهانی نوێ لە حوکمڕانیدا کەڵک وەرناگرن، بە خێرایی لە دوای ڕکابەرەکانیانەوە دەکەون کە مۆدێلی داڕشتنی سیاسەتیان پەرەپێداوە کە بە داتاکان لە گۆڕەپانی سیاسەت و ڕێبەری گەشەیان ئەستاندووە.
زیادبوونی مەترسی و نادڵنیایی: بێتوانایی لە بەکارهێنانی هێزی پێشبینیکردن بە ئامێرەکانی جیهانی نوێ بۆ ڕێوەبەری قەیرانەکان، ڕێکخراوەکان زیاتر بەرەوڕووی هەڕەشە و ئالنگاری کتوپڕ و نسکۆ دەکاتەوە.
فراوانکردنی بۆشایی ڕێبەری و ڕێوەبەری و سیاسەت و حوکمڕانی: کەلێنێکی قووڵ لە نێوان حیزب و ڕێکخراو و حکوومەتێکدا دروست دەبێت کە ڕەوتی نەریتی هەیە و هاووڵاتیان کە زیاتر ئامرازە نوێکان و خزمەتگوزارییە ژیرەکان بەکاردەهێنن و ڕێکخراو و حیزب و حکومەت شکست دەهێنێت لە وڵامدانەوەی پێداویستییە نوێکان.
نەبوونی شەفافییەت و لێپرسینەوە: پرۆسەی بڕیاردانی ئانالۆگ کەمتر شوێنپێهەڵگرتن و هەڵسەنگاندن و چاودێری دەکرێت، ئەمەش شەفافییەت و لێپرسینەوەی دامەزراوە سیاسییەکان کەمدەکاتەوە.
بیرکردنەوەی ئانالۆگ لە سەردەمی ژیری دەستکرد و ئامێرە نوێکاندا نەک هەر ڕێگرە، بەڵکوو توانای دامەزراوە سیاسییەکان بۆ تێگەیشتن و گونجاندن و وڵامدانەوەی کاریگەرانە بە ئاڵۆزییەکانی جیهانی نوێ بە توندی لاواز دەکات، و دواجار دواکەوتوویی ستراتیژیکی لێدەکەوێتەوە.
ئەوەی لە بزووتنەوەماندا بینیومانە و دەیبینین بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن پێداگری لەسەر بیرکردنەوەی ئانالۆگ لە جیهانێکی نوێدا دەتوانێت لە چرکەیەکدا هەموو شتێک بتەقێنێتەوە و نەک هەر نەچێتە پێشەوە، بەڵکوو ڕەوتەکانیش پێچەوانە و خوار بکاتەوە.
بینایەکی قوڵەنگی بە سواخدانەوە و ڕەنگکردن و بانگردێنکردن، بۆ هەمیشە ناپارێزرێت. جیهانی نوێ پێویستی بە گواستنەوەیە لە جیهانی ئانالۆگ و چوونە ناو جیهانێکی نوێ بە ستانداردەکانی ئێرە و ئێستا.
بۆ خوێندنەوەی زۆرتر:
The Analog City and the Digital City, Leon R. Kass, The New Atlantis, 2015.
Bringing Our Analog Government into the Digital Age,
Darrell M. West, Brookings Institution, 2017.