ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانان، حەمید چەپاتی چالاکی مەدەنیی ناسراوی کورد و تەمەن ٣٧ ساڵ، دوای بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شۆڕشی ورمێ دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٦ مانگ بەندکران کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.
حەمید چەپاتی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت و تێکدانی بیروڕای گشتی سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ئەو سزایە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ و دوای تانەی بێهزاد ساریخانلوو، جێگری داواکاری گشتیی ورمێ لە حوکمی دادگای سەرەتایی، بۆ ٦ مانگ بەندکران زیاد کرا.