شاهین وەساف، هاووڵاتیی تەمەن ۲۹ ساڵ و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ورمێ، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای ۱۰ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
شاهین وەساف پێشتر لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە، لە دادوەرانی بەدناوی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەو سزایە ڕۆژی سێشەممە ۱۱ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بەشێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.
سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە لە لایەن یەکێک لە لقەکانی دیوانی باڵای ئێران بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەدواداچوونەکان، ڕەت کرابۆوە و بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە بۆ لقی هاوشێوەی گەڕێندرایەوە.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە شاهین وەساف لەژێر قورسترین ئەشکەنجەکاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە و لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی دادگاکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بێبەش بووە.