*تا کۆلبەری بوونی هەبێت، دادپەروەری ئابووری و ئازادی مرۆڤ لەو خاکەدا بوونی نییە.*
کۆلبەرەکان دیاردەیەکە لە ناو هەژاری و بێکاری و هەڵاواردنی پێکهاتەیی لە کوردستاندا سەریهەڵداوە. هەزاران کەس بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان پەنایان بۆ هەڵگرتنی باری قورس لە شاخ و سنوورە مەترسیدارەکاندا بردووە؛ کارێک کە لەبری ئەوەی گەرەنتی ژیان بکات، هەمیشە مردن لە دڵیدا هەڵدەگرێت.
لە یاسای فەرمی هەموو ولاتێکدا کۆلبەرەکان بە کارێکی یاسایی نازانرێت و زۆرجار بە قاچاخ پێناسە دەکرێن. کۆلبەرەکان هیچ مافێکی کار و بیمە و پاراستنی کۆمەڵایەتییان نییە. بەڵام لە روانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێکەوتننامەکانی کار رێکخراوە کارەکانەوە، زەوتکردنی مافی کاری سەلامەت و شایستە لە خەڵک پێشێلکارییەکی روونی مافەکانی مرۆڤە. بۆیە هەرچەند کۆلبەری لە ئێراندا نایاساییە، بەڵام بوونی نیشانەی نایاسایییەکی گەورەترە، واتە هەڵاواردن و نادادپەروەری و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی خەڵک.
چ لە ڕوانگەی ئینسانی و چ لە روانگەی فەلسەفەی کارەوە و کارکردن واتە مرۆڤ هێزی جەستەیی یان دەروونی خۆی بۆ بنیاتنانی ژیانی بەکاردەهێنێت، ژیان بە واتای مانەوەی، واتە کارکردن دەبێت یارمەتی مرۆڤ بدات لە ژیاندا نەک لە مردن نزیکی بکاتەوە. کۆلبەری کارێک کە مردنی لەگەڵدایە، لەگەڵ ئەوەی کۆلبەری کارێکی ناچاریە بەڵام لەناو ئەودا مەترسی بەردەوامی مردن هەیە لە تەقەکردن، کەوتنە خوارەوە لە شاخێک، سەرما، مین، رووداو...
ئەمەش مانای کارێکە کە لەبری ئەوەی ژیانێک بنیات بنێت، خۆی بووەتە هەڕەشەی مردن. کارێکی لەم جۆرە لە رووی ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەوە دژی فەلسەفەی کار و دژ بە کەرامەتی مرۆڤە. لە روانگەی مرۆڤەوە نابێت هیچ کەسێک ناچار بکرێت لە بەرامبەر پارچە نانێکدا ژیانی خۆی بە گرێبەست بکات.هەر چەندە کۆلبەری کارێکی هەڵبژاردە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی نادادپەروەری پێکهاتەیی و هەڵاواردنی نەتەوەیی و هەژاریی لەڕادەبەدەریە.
کار دەبێت ژیانبەخش بێت نەک مەرگبەخش کەواتە کۆلبەری هەر کار نییە ونیشانەی نەبوونی کەرامەتی مرۆڤ لە کۆمەڵگایەکدا، بۆیە پێویستی بەوەیە کە کۆلبەری نەک وەک کار، بەڵکو وەک هاواری هەژاری و نادادپەروەری سەیر بکرێت.
بەڵام ناوی کۆڵبەر بۆتە ئامرازێکی پڕوپاگەندە بۆ زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا بەڕاستی حزبەکان هەوڵی بەرگریکردن لە کۆلبەرەکان دەدەن، یان تەنها بۆ شەرعیەتدان بە خۆیان وەک هێمای ستەم بەکاریان دەهێنن؟
زۆرێک لە حیزبە کوردییەکان لە لێدوان و وتار ... ناوی کۆلبەر بەکاردەهێنن. کۆلبەر بۆ ئەم حیزبانە بۆتە سەمبولی ستەم و بەرخۆدانی نەتەوەیی لەگەڵ واقعیەتی ئەوەیکە کۆلبەرەکان واقیعێکی کۆمەڵایەتی تاڵە کە ڕەگ و ریشەی لە نادادپەروەری مێژوویی و هەڵاواردنی کوردا هەیە. هەندێک لایەن لە سنوورەکان بەرتیل یان هاوکاری دارایی زۆرەملێ لە کۆلبەرەکان وەردەگرن دژایەتییەکی روون لە نێوان دروشم و کردارەکانداکە بەکارهێنانی ناوی کۆلبەر وئازارەکانی خەڵک لەلایەن حیزبەکانەوە ریکامێکی حیزبی زیاتر نییە دەنا ئێستە پرسیار ئەوەیە:
1- ئەگەر کوردستان ئازاد بێت یان خۆسەر، ئایا ئەم حزبانە ئامادەن دان بە کۆلبەردا بنێن یان نەهێڵن؟
2- ئایا حزبەکان دەیانەوێت بیمە و مافی کار و ئاسایشی کار بۆ کۆلبەرەکان پێناسە بکەن یان تەنها ناوەکانیان بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی بەکاردەهێنن؟
3. ئایا کۆلبەرەکان وەک هاوڵاتی بە کەرامەت و مافی یەکسان لە داهاتوودا جێگەیەکی دەبێت کە لەلایەن ئەو لایەنانەوە کێشراوە؟