کۆمەڵێک لە مامۆستایان و دایک و باوکانی قوتابییانی شاری سنە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ مامۆستایانی سزادراو دەربڕی و دەنگی مامۆستایان بە "دەنگی ئازادی، هۆشیاری و دادپەروەری" وەسفکرد، کە بە گوتەی ئەوان هیچ حوكمێك توانای بێدەنگی كردنی ئەویان نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە سێنفییەكان، دەستەی سەرپێچییە کارگێڕییەکانی پەروەردەی سنە و دواتر دەستەی تانەی وەزارەتی پەروەردە، لە پرۆسەیەکی "نادادپەروەرانە و ناسەربەخۆ"دا، سزای دیسپلینیی قورسیان بەسەر لانیکەم ١٥ مامۆستای کورد دەرکردووە. ئەم سزایانە لە قۆناغی تانەدان پشتڕاستکراونەتەوە یان تەنانەت توندتر کراون و بریتین لە دەرکردن، دەرکردنی هەمیشەیی، خانەنشین کردنی زۆرەملێ لەگەڵ دابەزاندنی پلەی كاری، دوورخستنەوە و بێبەشکردنی دامەزراندن لە پۆستە هەستیارەکاندا.
بە وتەی چالاکانی سێنفی، بزوێنەری سەرەکیی ئەو گوشارانە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولیی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان- سنە لە مانگی خاكەلێوەی ١٤٠٣ دەگەڕێتەوە; هەڵبژاردنێك كە بە پێچەوانەی زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، بە بەشداریی سەدان مامۆستا بەڕێوەچوو و ڕۆڵی ناوەندی ئەم پارێزگایەی لە پاراستنی نەریتی پێکهێنانی یەکیەتیی سێنفیدا نیشان دا.
لەو کاتەوە، دەزگاكانی کارگێڕی و ئەمنیەتی بە تۆمارکردنی دۆسیە لە دژی ڕێکخەران و کاندیدەکان، ڕێگایەكی نوێی سەرکوت و فشاریان بۆ سەر مامۆستایانی کورد دەستپێکردووە.