پێنج لاوی کورد لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارەدا دەستبەسەر کران و ڕۆژی دواتر لە ئاستی شاردا گەڕاندوویانن.
شەوی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، پێنج لاوی کورد و خەڵکی چایپارە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارەدا دەستبەسەر کران و ڕۆژی دواتر لە ئاستی شاردا گەڕاندوویانن و دواجار بۆ دادگا گواسترانەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئەم لاوانە، لە کاتی دەستبەسەرکران تا ڕۆژی دواتر لە دەستبەسەرگە لە ژێر لێدان و ئەشکەنجەدا بوونە و دواجار لە ئاستی شاردا گەڕاندوویانن.
ئەم سەرچاوە زیادی کرد، دوو کەس لەوان تەنیا بە هۆی ململانێی زارەکی لەگەڵ هێـزە ئەمنییەکاندا دەستبەسەر کراون و سێ کەسەکەی دیکەش بە هۆی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی هاوڕێکانیان لە لایەن یەکەی پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییەكان، پێنج لاوی دەستبەسەرکراو هیچ کەیس و ڕابردوویەکی دادوەرییان نەبووە و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراون و دواتر لە شەقامەکانی شاردا گەڕاندوویانن و سووکایەتییان پێکراوە.