لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی کوردستان، بەشێک لە کاندیدەکان کە ئەندامی پارتە سیاسییەکانن، خۆیان وەک کاندیدی سەربەخۆ نیشانداوە. ئەم بابەتە جێگەی نیگەرانیە چونکە ئەو کەسانە لە ماوەی ڕابردوودا وەک ئەندامی پەرلەمان کاریان کردووە و بەڵێنی گەورەیان داوە کە جێبەجێ نەکراوە. لە نێو ئەو بەڵێنانەدا شەڕی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران بوو، بەڵام تا ئەمڕۆ هیچ گۆڕانکارییەک لەو بارەوە نەکراوە و گەندەڵی تەنانەت زیادی کردوە.
خەڵک بێزاربوون لە پارتە تەقلیدیەکان و خراپی ئەدای کارکردنیان، بەدوای بژاردەی نوێ و سەربەخۆدا دەگەڕێن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە زۆرێک لە کاندیدەکانی بەناو "سەربەخۆ" هێشتا سەر بە حزبن و ئەمەش متمانەی گشتیی تێکداوە. لە ڕاستیدا ڕەنگە ئەم جۆرە تاکتیکەی دەنگ وەرگرتن وەک ستراتیژێکی سیاسی بۆ ئەو لایەنانە سەیر بکرێت کە دەیانەوێت ئامادەیی خۆیان لە پەرلەمان بەهێزتر بکەن بەبێ ئەوەی بە فەرمی وەک حزب بناسرێن.
هەڵەیە ئەگەر خەڵک جارێکی تر دەنگ بەو کەسانە بدەن و چاوەڕوانی گۆڕانکاری ڕاستەقینە بن. ئەزموونەکانی ڕابردوو دەریانخستووە کە بەڵێنی هەڵبژاردن بە دەگمەن دەبێتە هۆی کردەوەی کردەیی و دەرئەنجامەکەی جگە لە بەردەوامبوون و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی هیچی تر نییە. هەڵبژاردنێکی هۆشیارانە و وریا دوور لە دروشم و بەڵێنی دووبارەبووەوە دەتوانێت یەکێک بێت لە ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم خولە.
هەڵبژاردن دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ هاتنە ناوەوەی ڕووخساری نوێ، بە بیرۆکە و پلانی پراکتیکی بۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینە، نەک تەنها ئاوارەبوونی خەڵک بە فۆرماتی جیاواز.
جگە لەوەش پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دروشمی ناسیۆنالیستی لە کوردستان بەتایبەت لەو دۆخەی کە هێزی دەرەکی وەک تورکیا لە ناوچەکەدا ئامادەن، بێکاریگەریە. ئەم دروشمانە لە کاتێکدا بەرز دەکرێنەوە کە زۆرێک لە پارتە سیاسییەکانی کوردستان سەربەخۆیی پێویستیان نییە و وابەستەی وڵاتانی دەرەوەن. بوونی هێزی دەرەکی و کاریگەرییان لە سیاسەتی ناوخۆدا ئەوە دەردەخات کە ئیدیعای ناسیۆنالیزم و سەربەخۆیی تەنیا لە دروشمدا سنووردارە و هیچ هەنگاوێک بۆ بەدیهێنانی ناگیرێتەبەر.
ئەم پشتبەستنەی حیزبەکان بە وڵاتانی دەرەوە، نەک هەر سەربەخۆیی و بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی خەڵک تێکدەدات، بەڵکو دەرفەتی هەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەش لەناو دەبات. ئەو لایەنانەی خۆیان وەک نوێنەری گەل و بەرگریکار لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان نیشان دەدەن، لە ڕاستیدا بە پشتبەستن بە پشتیوانی دەرەکی و کارلێککردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سەربەخۆیی کردەوەی سیاسی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە. بۆیە دروشمی ناسیۆنالیستی کە جەخت لەسەر شانازی نەتەوەیی دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی دەسەڵات و ئیرادەی کردەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستوەردانی دەرەکی، تەنیا فریودەر و بەتاڵن.
ئەگەر بەڕاستی لایەنە سیاسییەکان هەوڵی گەیشتن بە سەربەخۆیی و باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵگا دەدەن، دەبێ نیشان بدەن کە بەرەنگاری کاریگەری و دەستێوەردانی دەرەکی دەبنەوە و بەرژەوەندییەکانی خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکەوە لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن. تەنها ئەو کاتە دەتوانن وەک نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک مامەڵە بکەن و متمانەی لەدەستچوو بەدەستبهێننەوە.
لە کۆتاییدا شایانی باسە کە جگە لەو کێشانەی سەرەوە کۆمەڵێک کاندید هەن کە نەک هەر زانیارییەکی پێویستیان لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا نییە، بەڵکو تەنانەت ئەلفوبێی سیاسەتیش نازانن. ئەم کەسانە بە بەرهەمە کۆمیدی و کات بەسەربردنەکانیان لە ناو تورەکۆمەڵایەتیەکان خوشەویستیەکیان لە ناو خەڵکیان بەدەستهێناوە، دەیانەوێت بچنە ناو پەرلەمان و بانگەشەی نوێنەرایەتی خەڵک بکەن.
لە هەلومەرجی ئێستادا، کاتێک کوردستان هێشتا ڕووبەڕووی هەڕەشە و هێرشی دوژمنانە و پێویستی بە پەرلەمانتارانێکی بەهێز هەیە کە ئاگاداری پرسە گرینگەکان بێت، هەڵبژاردنی ئەو جۆرە کەسانە تەنها دەتوانێت کێشە و ئاستەنگی نوێ لەسەر ڕێگای پەرلەمان و بڕیارە سەرەکییەکان دروست بکات. بوونی ئەو کەسانە لە پەرلەمان، کە توانای تێگەیشتن لە پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکان و بڕیاردانیان لە هەلومەرجە سەختەکاندا نییە، دەتوانێت بۆ نوێنەر و لایەنەکانی دیکە قورستر بکات و هەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخی کوردستان بوەستێنێت .
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددایانە، پێویستە خەڵکی کوردستان زیاتر هۆشیار و وریا بن لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و کەسانێک هەڵبژێرن کە زانیاری و توانای پێویستیان هەیە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین هیوای ئایندەیەکی باشتر بخوازین و ڕێگری لەو گرفتانە بکەین کە لە ناتەواوەتی و شارەزایی نوێنەرانەوە سەرهەڵدەدا.