پێشەکی
ساڵانێکی زۆرە رژێمی ئێران، نەیارانی خۆی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران لە ژێر ناوی جیاواز(!) دەکاتە ئامانج. لە ناوخۆی ئێراندا "کەسانی نەناسراو" وەک ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە دەناسێنێت، کە هەرگیز پێ و شوێن نەگیراون و دادگایی نەکراون . لەدەرەوەی ئێران بەشێوەیەکی جیاواز دەیانناسێنێت کە لایەنانیتر، بە "هێزی بە وەکالەت"ی رژێمی ئێرانی دەزانن. ئەوەی جێگای سەرنجە، رژێمی ئێران هەندێک جار بە مەبەستی "چەواشەکاری"، ئەمجۆرە کارانە شەرمەزار دەکات و لەوەش سەرنجڕاکێشتر، هەندێک کەس باوەڕیان بەم فێڵە هەیە یان بە ئەنقەست هەوڵی ئەوە دەدەن کەسانیتر باوەڕیان پێبکەن. ئەمانە چەند "تاکتیک"ێکن لە پێناو "ستراتیژیی مانەوەی رژێمی ئیسلامی بناژۆخوازی ویلایەتی فەقێ”.
لە ناوخۆی ئێراندا!
رژێمی ئێران لە ناو سنوورەکانیدا، شارومەندانی وڵاتانیتر بە بارمتە دەگرێت و دەیانکوژێت و تەنانەت لە سێدارەیان دەدات و تا ئەو جێگایەی کە دەتوانێت تاوانباران بە "نەناسراو" ناوزەد دەکات. لە قەتڵە زنجیرەییەکانەوە بگرە تا پڕژاندنی تیزاب بۆ سەر ژنانی ئێراندا، لە بەبارمتەگرتنی شارومەندانی وڵاتانیترەوە بگرە تا ئاڵوگۆڕکردنیان لەگەڵ تیرۆریستانی دەستگیرکراو لە وڵاتانی جیاجیادا و لە ژێر ناوی "ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان"دا، لە دەرکردنی فەرمانی "تەقەکردن بە ئارەزوو" بۆ هێزە ئەمنییەکانی رژێم لە دژی خەڵکانی راپەڕینە جەماوەرییەکانەوە بگرە تا "ژەهرخواردکردن"ی جۆراوجۆری زیندانیان و دەستگیرکراوەکان کە بەڕواڵەت لە زیندان "ئازاد"ی کردوون.
لەم رژێمەدا هەموو جۆرە جیاوازەکانی سەرکوتکردن و نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆن لە یاسای بنەڕەتیدا بە"دامەزراوەیی" کراون و ناونراوە "قەدەغەکردنی خراپە و فەرمانکردن بە چاکە". چەند کوشتن و دزی لە ئێران رووی داوە و هەرگیز تاوانباران دادگایی نەکراون و چەند کەس گەلێک لە وڵاتانی رۆژئاوا، لەژێر سایەی یاسای دیموکراتیکی وڵاتان و سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینیدا دەژین. پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی پێشوو (دیکتاتۆریی شا) و ریفۆرمخوازە درۆینیەکان لەوانەن!
لە دەرەوەی ئێران!
دەمێکە رژێمی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی ئێران، بە دوای تیرۆر و کوشتن و تاڵانکردن و دزین لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا، بە مەبەستی سڕینەوەی ئاسەواری تاوان و شوێن پەنجە، لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا کار دەکات و خۆی بە "ئاشتیخواز"، "دیموکراتیک"، "دانوستانخواز"، "مەدەنی" و "مافی مرۆڤ" نیشان دەدات!
کاتێک دیکتاتۆریی شا لە سەر دەستی خەڵكی ئێران لە لێواری رووخاندندا بوو، خومەینییان لە ساڵی ١٩٧٩دا خستە سەر کورسی بە مەبەستی گرتنەوەی راپەڕینی گەل و شۆڕشەکەی. بە مەبەستی شەرعیەتدان بە "سەرکوتکردنی ئازادی" لە کۆمەڵگای ئێراندا، دیکتاتۆرییەتی تازەپێگەیشتووی ویلایەتی فەقێ، "شەڕ"ی دژ بە عێراقی هەڵگیرساند. ئەمە یەکەم شەڕی راستەوخۆی سەربازیی رژێمی ویلایەتی فەقیهی بوو لە دژی وڵاتێکی دەرەکی!
بەرەنگاربوونەی شەڕخوازییەکانی خومەینی کاری هەر کەس و لایەنێک نەبوو! موقاومەتی ئێران بەرەنگاری ئەم شەڕەی رژیم بوویەوە و دوای چەند ساڵێک، دوای راگەیاندنی "ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران" لە تاران، سەرەتا چووە ئەوروپا و دواتر بۆ عێراق و ئینجا ژەهری ئاگربەستی بە گەرووی خومەینیدا رشت لە ساڵی 1367 (1988)دا. تامی تاڵی ئەم ئاگربەستە، دەرفەتی بە خومەینی نەدا و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا خومەینیی مراند! چونکە "ستراتیژی شەڕی رووبەڕوو" شکستی هێنابوو!
بۆچی شەڕی بە وەکالەت!
ئەو پەرداخە ژەهراوییە کە خومەینی بە ناچاری هەڵیقوڕاند، واتای "شکستی شەڕی رووبەڕوو لەگەڵ وڵاتێکی دەرەکی" بوو. ئەگەر موقاومەتی ئێران، "ستراتیژیی شەڕفرۆشتنی رژێمی ویلایەتی فەقیهی"، تێک نەشکاندبا، ئێستا بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بگرە جیهانیش) زۆر جیاوازتر دەبوو لەوەی ئێستاکە. ئەوەی ئێستا لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا دەیبینین، بەرهەمی راستەوخۆی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەیە کە موقاومەتی ئێران لە ساڵی ١٣٦٧ بەدەستی هێنابوو. واتایەکیتری ئەم پەرداخە ژەهراویە لە چەسپاندنی ئەو راستییەدا دەبینرێت کە "شەڕی سەرەکی لە ئێران" شەڕی گەل و موقاومەتی ئێرانە لە دژی رژێمی مەزهەبی!
ڕژیم بۆ گرتنەوەی شەڕی سەرەکی، واتە راپەڕین و شۆڕشی گەل و موقاومەت، پەنای بردە بەر هەنگاوی "شەڕی بە وەکالەت". هەربۆیە لە وڵاتانی دوور و نزیکدا، گروپی میلیشیای پێکهێنا و بەهێزی کردن و دزەی کردە ناو دەسەڵاتی وڵاتانەوە. وەک ئەوەی لە وڵاتانی عێراق، یەمەن، لوبنان، سوریا و هتد دەبینرێت، یان ئەو کردە و پیلانگێڕییە تیرۆریستیانەی لە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمەریکا لە دژی نەیارانی و بە تایبەت موقاومەتی ئێران روویانداوە.
لە تایبەتمەندییەکانی هێزی بە وەکالەت، دەتوانین ئاماژە بەو راستییە بکەین کە ئەم هێزانە سەرەڕای ئەوەی ئێرانی نین، بەڵام فەرمانی تیرۆریان لە تارانەوە پێ دەگات (وەک سەری رەشەماری ویلایەتی فەقیهی) و لە رووی دارایی و لۆجستیکیەوە، لە لایەن رژێمی ویلایەتی فەقیهی و هێزی قودسی سوپای پاسداران و باڵیۆزخانەکانی ئەم رژێمەوە پاڵپشتی دەکرێن. بەڵام رژێمی ئێران بە "سەربەخۆ" دەیانناسێنێت، بۆ ئەوەی شوێن پەنجەی خۆی لەمکارەدا بشارێتەوە!
بە جێهێشتنی لایەنی دیماگۆژیکی بابەتەکە، رژێمی ویلایەتی فەقێ دەیەوێت بە گرتنەبەری ستراتیژی هێزی بە وەکالەت، هەم "پێش" و هەم "پاش" بۆ خۆی دروست بکات. هەم "هێرشبەر" و هەم "بەرگریکار" بێت، بۆ ئەوەی لە هەنگاوی داهاتوودا "کارەساتێکی گەورە" بەسەر خەڵکی ئێران و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بسەپێنێت. بە واتایەکیتر راپەڕین و شۆڕشی گەلی ئێران رابگرێت و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بخاتە بەر چەقۆی خۆیەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە دەبینین ساڵانە زۆرینەی بودجەی وڵات بۆ سوپای پاسداران و پڕۆژە سەربازی و ئەتۆمییەکان تەرخان دەکرێت. لە کاتێکدا خەڵکی ئێران لە دۆخێکی بژێوی زۆر بە ئازاردان.
ئێستا بە هۆی بوونی بەرخۆدانی درێژخایەن و خۆڕاگر و دێرین لە دژی ئەم رژێمە، دەبینین کە هەم ستراتیژیی ئەم رێژیمە لە شەڕی رووبەڕوودا شکستی هێناوە، هەم کۆمەڵگای ئێران تەقیوەتەوە و هەمیش، هێزە بە وەکالەتەکانی ئەم رژێمە کراونەتە ئامانج. ئەم دۆخە، پێش هەموو شتێک، بەرهەمی کاری گەل و موقاومەتی ئێرانە لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی. ئێستا کە رژێمی ئێران رووی لە هەڵدانی مووشەک کردووە، بەڵگەی رەسەنایەتی ئەو رێبازەیە کە موقاومەتی ئێران تا ئێستا گرتویەتییە بەر.
سەری رەشەماری ویلایەت لە تارانە!
لە کۆتاییدا، ئەوەی ئەمڕۆ دەربارەی ئێراندا دەبینریت، بەرهەمی بوونی بەرخۆدانە لە دژی ئەم رژێمە مەزهەبییە. بۆیە پێویستە پێشوازی لێبکرێت لە بەردەوامبوونی. لەبیرمان نەچێت رووخاندنی رژێمی ویلایەتی فەقیهی کاری خەڵکی ئێران و بەرخۆدانەکەیەتی و بەلاڕێداچوون لەم راستییە، لە قازانجی رژێمی دیکتاتۆریی ئێراندایە. دەستنیشانکردن و بەئامانجکردنی هێزە بە وەکالەتەکانی رژێمی ئێران لەسەر ئەم هێڵەیە کە "شەرعیەت" بەدەست دەهێنێت و سەرکەوتنی لێدەکەوێتەوە و هیچیتر.
هەروەک مەسعوود رەجەوی، رێبەری بەرخۆدانی ئێران وتی: ساڵانێکە دەڵێین شەڕخوازی لە ژێر ناونیشانی "هەناردەکردنی شۆڕش" پەیوەستە بە چارەنووسی ئەم رژێمەوە. ئەمە رژێمێکە کە بە گوتەی خۆی، ئەگەر لە دەریای ناوەڕاست و لە لوبنان و لە سوریا و لە عێراق سەنگەر لێنەدات، رژێمەکەی لە تاران لەناو دەچێت. هەربۆیە پێویستە لەسەر زەمین راپەڕین رووبدات و کۆت و بەندەکانی رژێمی ستەمکار بشکێنرێت. بەم شێوەیە، شۆڕشی دیموکراتیک لەسەر دەستی بە توانای گەل و لە (سوپای ئازادی)دا سەردەکەوێت.
***