دامەزرێنەری یەكەمین حكومەتی كوردستان و قارەمانی شەڕی دەربەندی بازیان، شێخ مەحموودی حەفید كوڕی شێخ سەعیدی كوڕی شێخ موحەممەدە بچكۆلەی كوڕی حاجی كاك ئەحمەدی شێخە. ساڵی 1881 لەسلێمانی لەو بنەماڵە ئاینیە بەناوبانگە لەدایك بووە، كەدوای هەرەس هێنانی میرنشینی بابان دەسەڵاتی ئایینیو كۆمەڵایەتی و سیاسی كوردستانی كەوتە دەست. ساڵی 1908 بەپیلانی تاقمی ئیتیحادو تەرەقی لەشاری موسڵ شێخ سەعیدی باوكی و شێخ ئەحمەدی برای شەهید كران و ئیتر ئەركی بەڕێوەبردنی كاروباری بنەماڵەكە دەكەوێتە ئەستۆی شێخ مەحموود، كە لەو كارەساتەدا زۆر بەزەحمەت ڕزگاری ببوو. شێخ مەحموودی حەفید وەك کەسایەتیەکی موسوڵمان ساڵی 1915 بەشدارییەكی كاریگەری لە شەڕەكانی دەوڵەتی عوسمانی دژ بە ئینگلیز کرد، لەناوچەكانی (كوت و شوعەیبە) و بەخۆی و چەند سەد سوارێكی كوردەوە بەرگرییەكی قارەمانانەیان نواند. ساڵی 1918 كاروباری شاری سلێمانی گرتەدەست و لەمانگی مایسی ساڵی 1919دا نەبەردێكی گەورەی لەدەربەندی بازیان دژی ئینگلیز تۆماركرد، لەو شەڕەدا شێخ مەحموود بە برینداری كەوتە دەست ئینگلیز و لەدادگەیەكی كارتۆنیدا حوكمی لەسێدارەدانی درا، بەڵام لەژێر گوشاری ڕای گشتیدا و لە ترسی بەرپابوونی شۆڕشێكی گەورەی كورد، گۆڕدرا بەحوكمی دە ساڵ زیندانی. ئەمانە و چەندان شۆڕش و خەباتی دیکەی لەپێناو گەلی کورد کردووە، و پێكهاتە و حكومەت و دەزگە ئیدارییەكانی تری شێخ مەحموود نیشانەی ئەوەن كە ئەم پیاوە هەڵكەوتووە بایەخی داوە بە خەڵكی ڕۆشنبیر و زۆربەی هەرە زۆری ئەفسەر، شاعیر، و رۆشنبیرانی كورد پەیوەندییان بەشۆڕش و حكومەتەكەیەوە كردووە. بەداخەوە ئەم کەسایەتییە گەورەیە لە ڕێکەوتی ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٦ لە بەغداد کۆچی دوایی کردووە.
دوای جەنگی جیھانیی یەکەم، ئینگلیز و زلھێزەکانی تری ڕۆژاوا بەشێک لە ئیمپراتۆریەتیی عوسمانییان داگیرکرد. ئەو پلانانەی کە لەگەڵ فەڕانسییەکان لە ڕێککەوتنامەی سایکس-پیکۆدا کرابوون، بەڕیتانیایان وەک خاوەن دەسەڵات دەستنیشان کرد.
ئینگلیزیەکان توانیان سنووری خۆیان بە دڵی خۆیان پێکبھێنن بۆ ئەوەی لەم ناوچەیەدا زاڵ بن، شەڕێکی نەتەوەی هەمیشەی بۆ ناوچەکە بەجێهێشت.
ئینگلیزەکان بە توندی بەغدا و بەسرەیان لەژێر دەستتابوو و ناوچەکانی دەوروبەری ئەم شارانە زۆرتر لە عەرەبی شیعە و سوننە پێکھاتبوون.
لە ساڵی ١٩٢١دا، ئینگلیزەکان فەیسەڵی یەکەمیان کردە پاشای عێراق. ئەمە ھەڵبژاردنێکی سەرنجڕاکێش بوو چونکە فەیسەڵ ھیچ پەیوەندییەکی ناوخۆیی نەبوو، چونکە بەشێک بوو لە بنەماڵەی ھاشمی لە ڕۆژاوای عەرەبستان.
لەگەڵ پەرەسەندنی ڕووداوەکان لە بەشی باشووری عێراق، ئینگلیزەکان خەریکی پەرەپێدانی سیاسەتی نوێ بوون لە باکووری عێراق، کە بەزۆری کوردی تێدا نیشتەجێ بوون، و لە پەیمانی ڤێرسای ساڵی ١٩١٩دا بە کوردستانی گەورە ناسرابوو. ئەو سنوورانەی کە ئینگلیزەکان پێکیان ھێنابوو، کوردی لە نێوان ناوەڕاستی عێراق (بەغدا) و خاکی عوسمانییەکانی باکووردا تێدابوو.
گەلی کورد لە باشووری کوردستان لە خاکە شاخاوییەکانی ویلایەتی مووسڵ دەژیان. ناوچەیەکی سەخت بوو بۆ کۆنتڕۆڵکردن لە ڕوانگەی ئینگلیسیەکانەوە بەھۆی دڵسۆزیی خێڵەکیی کوردەوە. ململانێیەکی زۆر لەدوای جەنگی گەورەی نێوان حکوومەتی عوسمانی و ئینگلیسدا ھەبوو لەسەر چۆنییەتی دانانی سنوورەکان. عوسمانییەکان لە دەرەنجامی پەیمانی سیڤەر ناڕازی بوون کە ڕێگەی بە سەرکەوتووانی جەنگی گەورە دا کۆنترۆڵی زۆربەی خاکەکانی پێشووی عوسمانی بکەن لە ڕێگەی دابەشکردنی خاکی پێشووی عوسمانی وەک ئەوەی کۆمەڵەی گەلان فەرمانی پێدەکرد.
بە تایبەتی تورکەکان ھەستیان دەکرد کە ویلایەتی مووسڵ ھی ئەوانە، چونکە ئینگلیزەکان بە شێوەیەکی نایاسایی داگیریان کردبوو دوای ئاگربەستی مودرۆس، کە کۆتایی بە دوژمنایەتییەکانی شەڕەکە ھێنابوو.
لەگەڵ دۆزینەوەی نەوت لە باکووری عێراق، ئینگلیزەکان ئامادە نەبوون دەستبەرداری ویلایەتی مووسڵ ببن.
ھەروەھا لە قازانجی ئینگلیزدا بوو کە کورد ڕۆڵی نێوانگێری بگیڕن لە نێوان خۆیان و ئیمپراتۆرییەتیی عوسمانیدا. ھەموو ئەوانە بوونە ھۆی گرنگیی شێخ مەحموود حەفید.
حکوومەتی بەڕیتانیا لە شەڕی جیھانیی یەکەمدا بەڵێنی بە کورد دابوو کە خاکی خۆیان وەربگرن بۆ پێکھێنانی دەوڵەتێکی کوردی؛ بەڵام حکوومەتی بەڕیتانیا لە کۆتاییی شەڕی بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکرد، ئەمەش بووە ھۆی ناڕەزایی لەنێو کوردەکاندا.
بێمتمانەیی لەلایەن کوردەوە ھەبوو. لە ساڵی ١٩١٩ نائارامی لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەستی بە پەرەسەندن کرد، چونکە ناڕازی بوون لەو دۆخەی کە تێیدا بوون و لە مامەڵەکردنەکانیان لەگەڵ حکوومەتی بەڕیتانیا. کورد دوای ساڵێک ڕاپەڕینێکیان ئەنجامدا.
حکوومەتی بەڕیتانیا ھەوڵیدا بەڕێوەبەرێکی کوردی لە ناوچەکەدا دابمەزرێنێت و بەم شێوەیە سەرکردەیەکی جەماوەری ناوچەکەی دەستنیشانکرد، کە بەم شێوەیە شێخ مەحموود بوو بە پارێزگاری باشووری کوردستان.
شێخ مەحموود داوای ئاشتیی کرد و لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٣٢دا لە باشووری عێراق دوورخراوەیەوە و لە ساڵی ١٩٤١ توانی بگەڕێتەوە بۆ گوندی بنەماڵەکەی و تا کۆتاییی تەمەنی لەوێ مایەو. لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٥٦ لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی دواییی کرد. تا ئەمڕۆش زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەتی لە شاری سلێمانی یادی دەکرێتەوە. ئێستاش بۆ گەلی کورد وەک رەمزی ناسیۆنالیستێکی پێشەنگی کورد بیری لێدەکرێتەوە کە بۆ سەربەخۆیی و سەرکەوتنی گەلەکەی خەباتی کردووە.