لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا, وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بەڵێنی پاراستن بە عێراق دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەيەنداراوێکدا بڵاويکردەوە، فوئاد حسەین، وەزیرى دەرەوەى عێراق، پەیوەندییەکى تەلەفۆنی لە دەیڤد لامى، هاوتا بەریتانییەکەیەوە پێگەیشتووە و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دووپاتی کردووەتەوە، حکومەتی بەریتانیا هەوڵدەدات بۆ دوورکەوتنەوە لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ و پاراستنی عێراق لە کاردانەوەکان.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختیکردەوە لەوەی وڵاتەکەی هەوڵدەدات بۆ ڕێگریکردن لە تێوەنەگلان و پاراستنی عێراق لە شەڕ.
دەیڤد لامی، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە هەوڵی بەردەوامدایە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
فوئاد حسەین، جەختی لە گرنگی ڕێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکەدا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوامی پەرەسەندنی شەڕ کارەساتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەمنیی لێدەکەوێتەوە و بە پێویستیزانی هەموو وڵاتانی کاریگەر هەنگاو بنێن بۆ وەستاندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا.
وەزیرانى دەرەوەى هەردوو وڵات، چەند پرسێکیان تاوتوێ کردووە، لەوانە؛ پرسی ئابووری و رەشنووسی رێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، جگە لە چارەسەرکردنی کێشەی چەند عێراقییەک کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە بەریتانیا نیشتەجێن.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی بەريتانيا، باسى لە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵى حکومەتی بەریتانیا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و لوبنان کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا فوئاد حسەین وەزیری دەرەوەی بەریتانیای بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات.